دەستەی گشتی گومرگی عێراق، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕێگرییان لە بەقاچاخبردنی زیاتر لە 80 هەزار دۆلاری ئەمریکی کردووە، کە بەنیاز بووە بهێندرێتە ناو عێراق.
ئەمڕۆ، دەستەی گشتی گومرگی عێراق بڵاویکردەوە، کارمەندەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ڕێگرییان لە بەقاچاخبردنی 83 هەزار دۆلاری ئەمریکی کردووە، کە لەناو جەنتای گەشتیارێکدا شاردرابوویەوە،، گەشتیارەکە هاووڵاتییەکی عێراقی بووە و لە ئیستەنبووڵەوە گەیشتووەتە بەغدا.
دەستەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاووڵاتییە عێراقییەکە هەوڵی داوە پارەکە بەبێ ئاشکرا کردن بهێنێتە ناو عێراقەوە بەڵام لە کاتی پشکنینی کەلوپەلەکانیدا، پارەکە دەستی بەسەردا گیرا.
دەستەی گشتی گومرگی عێراق دەشڵێت: "ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گەشتیارە گیراوەتە بەر، دەستیش بەسەر پارەکەدا گیراوە بەپێی یاسا و ڕێسای کارپێکراوەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی گشتی گومرگیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی قاچاخچێتی و پاراستنی ئابووری وڵات.