بەلەمێکی نەفەرهەڵگر بە نزیکەی 270 سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی باکووری قوبرس نقووم بوو، لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی سەرنشینەکان لە دەریادا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەلەمێکی نەفەرهەڵگر لە کاتژمێر 12:30 نیوەرۆ دوای بەجێهێشتنی بەندەری کیرینیا لە باکووری قوبرس، لە دووریی چوار میل لە کەناراوەکانەوە بەهۆی دزەکردنی ئاوەوە کەشتیەکە بە سەرجەم سەرنشیینەکانیەوە وەرگەڕاوە.

موراد شەنکول، سەرۆکی شارەوانیی کیرینیا ڕایگەیاندووە، تا ئێستا توانراوە بگەنە 159 سەرنشین لە کۆی 258 سەرنشینی ناو بەلەمەکە، لە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنەکەدا بەلەمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، کەشتییە مەدەنییەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان بەشدارن و ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لەسەر کەناراوەکان جێگیر کراون بۆ گواستنەوەی بریندار و ڕزگاربووان بۆ نەخۆشخانەکان.

کەناراوەکانی قوبرس بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەیەوە، ساڵانە دەبنە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی دەیان بەلەمی گەشتیاری و کۆچبەران، ئەم بەلەمانە زۆرجار بەهۆی خراپیی کەشوهەوا یان بارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران، ڕووبەڕووی مەترسیی نوقومبوون و ڕووداوی دەریایی دەبن.