دەستەی دەستپاکی عێراق بڕیاری سزادانی بۆ دوو بەرپرسی باڵای پێشوو و ئێستای وڵاتەکە بەهۆی دۆسیەی گەندەڵییەوە دەرکرد.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، دادگا سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەر یەکە لە تەڵال زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بە تۆمەتی گەندەڵی و زیادکردنی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی نایاسایی سەپاند.
تەڵال زەوبەعی سەروەت و سامانەکەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆکردبوویەوە 35 ملیار دینار بووە، دادگا ئەم تاوانبارە گەندەڵەی ناچاری کردووە بڕی 70 ملیار دینار وەک قەرەبوو و سزا بگەڕێنێتەوە خەزێنەی دەوڵەت. بریکاری وەزارەتی نەوتیش بە شێوەی نایاسایی بڕی 26.5 ملیار دینار کۆکردبوویەوە، بەپێی بڕیاری دادگا، ناوبراو دەبێت بڕی 53 ملیار دینار وەک بەهای پارە کۆکراوەکە و سزای دارایی هاوتا بە گەنجینەی دەوڵەت بدات.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەکانی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و هەڵئاوسانی سامانی بەرپرسانی حکومەت چڕتر کردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و سزادانی گەندەڵکاران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەڕێوە دەچن.
ئەم چالاکییانە بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی پێ کرد، لە 28ـی تەممووزدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی زەیدی ئۆپراسیۆنێک بە ناوی 'هەڵمەتی بەرەبەیان' دەستی پێ کرد و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتار، سەرۆک حزب و بازرگان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران.