ئەمریکا دەربارەی کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەکەکان بەدەستی دەوڵەتی عێراق، پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیکردووە بە ڕێگایەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی چەکەکان بەدەستی دەوڵەت کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا، ئەمەش بەهاوبەشی تەواو لەگەڵ ئەمریکادایە.

گوتەبێژەکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گووتی: ''واشنتن وەک سەرۆک ترەمپ جەختی لەسەر کردەوە لە میانی دیدارە مێژوویەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی لە 14ی تەمموزدا، بە تووندی پشتیوانی لە دیدگای حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئایندەیەکی گەشاوەتر بۆ هەموو عێراقییەکان، دوور لە تیرۆر".

تۆمی پیگۆت باسی لەوەش کرد، ئەمریکا بە ڕوونی پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنی هێرشەکان یان ئەنجامدانی هێرشەکان لەناو خاکی عێراقەوە یان لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕوونی کردەوە، "بەرتەسککردنەوەی چەک بۆ دەوڵەت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی کە لەلایەن کوتلە و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێن، هەروەها کەشێکی ئەمنی سەقامگیر دروستدەکات کە ڕێگە بە بونیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز و قازانجی هاوبەش لە نێوان بەغدا و واشنتن دەدات".

هەر لەوبارەیەوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ چەکداماڵینی گرووپەکان لە عێراق بەردەوامە، پڕۆسەی چەکداماڵینەکە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێک، دەربارەی ئەوەی ئایا چەکداماڵین هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە، ئەم ڕاوێژکارەی عێراق گووتی، ''چەکداماڵین تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستوورن، بەڵام چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستوورە، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە."