ڕاگەیەندراوێکی توند لە عێراقهوه دژی ئهمریكا و سعودیه
ئایا ئەمریکا و سعودیە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کرد؟ وهڵامی عێراق بۆ هێرشهكه لێرهوه بخوێنهرهوه.
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، بڕیاری دا بە داڕشتنی پلانێکی ئەمنیی تۆکمە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی وڵات و ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش وەک وەڵامێکی فەرمی بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە کە بەیانیی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی عێراقیان کردە ئامانج.
ئەمڕۆ سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و ئەندامی هێزە چەکدارەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە حکومەتی عێراق پێشتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدا بووە بۆ چارەسەرکردنی هەموو نیگەرانییەکان، بەڵام ئەنجامدانی ئەم هێرشانە بە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی نیشتمانی و بنەماکانی دراوسێیەتی باش دادەنرێت.
حکومەت وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە تا لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مافە یاساییەکانی عێراق بچەسپێنێت و جەختیشی کردەوە کە تەنیا دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق بەرپرسیارن لە وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه، کە حکومەت پابەندیی خۆی بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2026 دووپات دەکاتەوە و کار دەکات بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
داواش لە هەموو لایەنەکان کرا کە عێراق پەلکێشی ململانێیەک نەکەن کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات.