مەسرور بارزانی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بڕیاری دەرکرد
لێخۆشبوونی گشتی لە سوود و پێشینەی خانووبەرە لە قەزای مەخموور ڕاگەیەنرا.
بۆ پشتیوانیکردنی دانیشتووانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕی دژی داعش، سەرۆکوەوەزیرانی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی تەواوەتی لە قەرزی پێشینەی خانووبەرە و سوودی دواکەوتنی قەرزەکان بۆ سوودمەندبووانی قەزای مەخموور و گوندەکانی دەورووبەری دەرکرد.
ئەمڕۆ سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23ی قەرەچووخ ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپاردووە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی تایبەت لە بەرژەوەندیی تەواوی هاووڵاتییانی قەزای مەخموور، ناحیەکان و گوندنشینانی سنوورەکە.
بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوونی تەواوەتی دەکرێت لەو بڕە پارەیەی لە ئەستۆیان ماوە بەپێی پێشینەی خانووبەرە، ڕاگیرانی کۆکردنەوەی ئەو سوودەش کە بەهۆی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکەوە چووەتە سەر داراییەکەیان.
قەزای مەخموور لە کاتی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر لە ژێرخانی ئاوەدانی و خانوو بووەوە.