Banner
پایتەخت

وتاردانی 13 مزگەوت ڕادەگیرێت

وتاردانی 13 مزگەوت ڕادەگیرێت
کورتە

گۆڕانکاری لە وتاری هەینیی مزگەوتەکانی قەزای کۆیە و تەق تەق دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی کۆیە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی وتاری هەینیی لە شاری کۆیە و تەق تەق دەست پێکرد، بەپێی ڕێنمایییە شەرعی و ئیدارییەکان 13 وتاری هەینی لە هەردوو ناوچەکە ڕاگیران.

 

ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە نێو شاری کۆیەدا 31 مزگەوت هەبوون کە وتاری ڕۆژی هەینییان تێدا دەدرا، ئەم ژمارەیەش بۆ شارێکی بچووکی وەک کۆیە زۆر بوو و بەهۆی نزیکی زۆری مزگەوتەکان لە یەکتر، بووبووە هۆی تێکەڵبوونی دەنگی وتارەکان، بە جۆرێک هاووڵاتییان لە کاتی نوێژدا نەیان دەزانی گوێ لە وتاری ئەو مزگەوتە بگرن کە لێییان دانیشتوون یان گوێبیستی وتاری مزگەوتی دراوسێیان بن. 

 

بەڕێوەبەری ئەوقاف ڕوونیشی کردەوە، مزگەوتەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە، بەشێکیان مزگەوتی گەورەن کە تایبەتن بە وتاردانی ڕۆژی هەینی و بەشەکەی دیکەشیان تەنها بۆ نوێژە بەکۆمەڵەکانی ڕۆژانە بەکاردێن، بەپێی ڕێنمایییە شەرعییەکانیش لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافیعی و ڕێنمایییە ئیدارییەکان، پێویستە دووریی دیاریکراو لە نێوان وتارەکاندا هەبێت.

 

عەبدوڵڵا ئەنوەر ئاماژەی بەوەدا، لەم چوارچێوەیەدا لە کۆیە ژمارەی وتارەکان لە 31 وتارەوە کەم کراوەتەوە بۆ 21 وتار و 10 وتار ڕاگیراون، لە تەق تەقیش لە کۆی 8 وتاری هەینی ڕێکخستنەوە بۆ 5 وتار کراوە و 3 وتار ڕاگیراون، واتا لە هەردوو سنوورەکە کۆی گشتی 13 وتاری هەینی وەستێنراون، بەڵام ئەم ڕێکخستنەوەیە سنووری گوندەکان و ناحییەکان ناگرێتەوە.

 

بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئەوان کەمکردنەوەی وتار نەبووە بەڵکو ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و شەرعی بووە، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕۆژانی هەینیدا لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو مزگەوتانە دەکەن کە وتاریان تێدا دەدرێت، تاوەکو لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە ببن و لە ئەگەری دروستبوونی پێویستی لە هەر گەڕەکێکدا، دووبارە ڕێگە بە خوێندنی وتاری هەینی لەو گەڕەکە بدرێتەوە.

28 تەمموز 2026 16:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026