Banner
پایتەخت

بەغدا لەم کاتەدا مووچەی مانگی تەمموز دەنرێت

بەغدا لەم کاتەدا مووچەی مانگی تەمموز دەنرێت
کورتە

وەزارەتی دارایی عێراق ئەم هەفتەیە کۆتایی بە پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەهێنێت

پرۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراەوە بەردەوامە و چاوەڕێ دەکرێت دوای پشووی یادی چلەی ئیمام حوسێن، هەوڵەکانی بۆ ناردنی مووچە چڕ بکرێتەوە.

 

هەرچەندە لە 22ـی ئەم مانگەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی حەوت و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وردبینیکردن و بڕیارە ئەم هەفتەیە کۆتایی بەو پرۆسەیە بهێنێت.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە مووچەخۆرانی دامودەزگا فیدراڵی و پارێزگاکانی عێراق مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، سستی لە دابەشکردنی مووچە هەیە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پارەی نەختینە گەڕاندووەتەوە.

 

دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی وردبینیش، هەفتەی داهاتوو چاوەڕێ دەکرێت وەزیری دارایی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە عێراق پشووە بەبۆنەی یادی چلەی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، چاوەڕێ دەکرێت کاریگەری لەسەر دواکەوتنی مووچە هەبێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، وەزارەتی دارایی عێراق هیچ تێبینیەکی لەسەر لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەهۆی ئەوەی گۆڕانکارییەکی کەم لە لیستەکەدا کراوە، وەک ئەوەی لە مانگەکانی ڕابردوودا هەبووە.

 

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغدا بۆ ئەم مانگەشە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، چاوەڕێ دەکرێت بە لێبڕینی 120 ملیار دینارەکەوە، تەمویلی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.

27 تەمموز 2026 22:55
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026