Banner
پایتەخت

یاساكانی هاتووچۆ نوێده‌كرێته‌وه‌

یاساكانی هاتووچۆ نوێده‌كرێته‌وه‌
کورتە

ساڵنامە، مۆڵەتی شۆفێری، جامی ڕەش و غەرامە؛ کات و تێچووی کەم دەکرێتەوە.

لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ته‌واوبوونی هه‌مواركردنه‌وه‌ی 40 لەسەدی یاسای هاتووچۆی ڕاگه‌یاند. ئەم هەنگاوە ئامانجی نوێکردنەوەی بڕگەکانی یاساکەیە بە جۆرێک کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای شەقام و شۆفێریدا بگونجێت.

 

ئەمڕۆ یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند، کارکردن بۆ تەواوکردنی تەواوی هەموارەکە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میوانداریی فەریق عودەی سەمیر حەسەنی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆیان کردووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانێکی مەیدانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ ئەنجام بدەن.

 

ناوبراو ڕوونی کردەوە، گرنگترین ئەو بڕگانەی دەستکاری کراون بریتین لە غەرامەکان، مۆڵەتی شۆفێری، ساڵنامە و پەردەی جامی ئۆتۆمبێل. بەپێی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری هاتووچۆ، بڕیار دراوە کە تاریكکردنی جامی ئۆتۆمبێل تا ڕێژەی 30 لەسەد بە خۆڕایی بێت، بەڵام هەر ڕێژەیەک لەوە زیاتر بێت پێویستە باجی دارایی بۆ بدرێت.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هاتووچۆی عێراق له‌پێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شۆفێران و ڕێکخستنه‌وه‌ی هاتووچۆیه‌ له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عێراقدا.

 

25 تەمموز 2026 11:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026