پایتەخت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە 
کورتە

ورده‌كاریی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و بڕیاره‌ی پێشبینی ده‌كرێت بیدات.

وا بڕیاره‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دوو پرسی گرنگ كۆببێته‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی بژێوی و ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ بدات، هه‌روه‌ها پرسی زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کرێکاران تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 10:00ی بەیانی لە هۆڵی مامۆستا سەعد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ژمارە 171ی خۆی ئەنجام دەدات. کۆبوونەوەکە ماوەی دوو کاتژمێر دەخایەنێت و تێیدا دوو پرسی گرنگی پەیوەست بە چاکسازیی گومرگی و بژێوی کرێکاران تاوتوێ دەکرێن.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا دەخرێتەڕوو. ئەم سیستمە کە بۆ دیجیتاڵکردنی کاروباری گومرگییە، پێویستی بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، ناوخۆ و چەند دامەزراوەیەکی دیکە هەیە تاوەکو هەنگاوەکانی داهاتووی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یەکلایی بکرێتەوە.

تەوەری دووەم و گرنگترین بەشی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە بڕیاردان لەسەر بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت. بەپێی پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیارە کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکاران لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 500 هەزار دینار زیاد بکرێت.

لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 307000 کرێکار دەستەبەر کراون و 1008 کرێکاریش خانەنشینن. بەپێی یاسا، پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵی و ژنان لە تەمەنی 55 ساڵی بە مەرجی هەبوونی 20 ساڵ خزمەت خانەنشین دەبن. جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ هاندانی کارکردن لە کەرتی تایبەت و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران دەبینرێت.

24 حوزەیران 2026 09:12
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026