ئەو کەسانەی مریشک و قاز ڕادەگرن یەک هەفتە مۆڵەتان هەیە
ئاگادارییەکی بەپەلە لە شارەوانی کۆیەوە بۆ ئەو ماڵانەی ئاژەڵ و پەلەوەر ڕادەگرن
شارەوانی کۆیە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگی بێلانە و دوورخستنەوەی ئاژەڵ لە ناو شار ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە وەڵامی داواکارییەکی گرنگی شەقامی دایەوە و ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و سیمای شارستانیی کۆیە، لە سبەینێوە پلانێکی فراوان بەم شێوازەی خوارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە:
یەکەم: لە سبەینێوە هەڵمەتی گرتن و دوورخستنەوەی سەگی بێلانە لە ناوچە و گەڕەکە جیاوازەکان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستپێدەکات.
دووەم: مۆڵەتی یەک هەفتە دەدرێتە ئەو ماڵانەی کە ئاژەڵ و پەلەوەری وەک مەڕ، مانگا، مریشک، قاز یان سەگ لە ناو حەوشە و گەڕەکەکاندا ڕادەگرن بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.
سێیەم: لە یەکشەممەی داهاتووەوە تیمەکانی چاودێری بە شێوەیەکی گشتی بەسەر کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی پێبژاردنی دارایی و گواستنەوەی زۆرەملێی ئاژەڵەکانیان دەبنەوە.
لە کۆتایی دا شارەوانی کۆیە داوای لێبووردنی پێشوەختە لە هاوڵاتیان دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، مەبەستیان سزادانی کەس نییە، بەڵام بەرژەوەندی گشتیی شارەکە وا دەخوازێت کە هەمووان پابەندی یاسا بن و هاوکاری تیمەکانی ژینگە بکەن.