پاسەوانێکی پێشووتری پەرلەمان لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەوە ڕفێندرا
هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سلێمانی پاسەوانێکی پێشووتری پەرلەمانتارێکیان ڕفاند
هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سلێمانی برازایەکی حاجی هەڵکەوت لالە ئەنوەرییان برد و بنەماڵەکەشی ئاماژە بەوە دەکەن، ناوبراو هیچ کێشەیەکی یاسایی و دادوەری نەبووە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
میرە، کوڕی حاجی هەڵکەوت لالە ئەنوەر، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەنوەری ئامۆزای لە دوای تەواوبوونی دەوامەکەی لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سلێمانییەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی ڕوون نییە.
کوڕی حاجی هەڵکەوت لالە ئەنوەر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنوەر لە خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان پاسەوانی پەرلەمانتار هەڵکەوت لالە ئەنوەر بووە، دواتر بە پێی ڕێکارەکان پاسەوانەکانی پەرلەمان خراونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و ناوبراو وەک کارمەند لە شارەدێی عەربەت دەوامی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا میرە گووتی: "ڕووداوەکە کاتێک بووە کە ناوبراو دوای تەواوکردنی ئەرکی دەوامەکەی، لە کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانی و بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە شوێنی کارەکەی، لە لایەن هێزەکانی ئۆپراسیۆنی سلێمانییەوە براوە".
کوڕی پەرلەمانتارە پێشووەکە جەخت دەکاتەوە، ئەنوەر هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان یاسایی نەبووە و دەڵێت، ئەگەر هەر کێشەیەکی حکومی یان یاسایی هەبووایە، دەبوو لە ڕێگەی دادگا و پۆلیسەوە ئاگادارکردنەوەی بۆ بهاتایە.