ڕەحمان غەریب: سووکایەتیکردن بە ڕۆژنامەنووسان قبوڵکراو نییە
رەحمان غەریب ڕەخنەی توند لە لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەگرێت و باسی هەڵوێستی پارتی و یەکێتی دەکات لەسەر کارەکانیان
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایگەیاند، جیاوازی لە هەڵوێستی پارتی و یەکێتی هەیە لەسەر کارەکانمان بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و چواندنی ڕۆژنامەنووس بە ئاژەڵ، سووکایەتی پێکردن و بێڕێزییە و مایەی قبوڵکردن نییە.
رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، کاتێک دوێنێ ئێمە ڕاگەیەندراومان لەسەر دۆسیەی کەناڵ هەشت بڵاوکردەوە، پارتی هیچ توڕە نەبوو، تەنانەت هیچ ڕەخنەمان لێنەگیرا و تەلەفۆنێکیشمان بۆ نەکرا، بەڵام لەبارەی بافڵ تاڵەبانییەوە کە سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسێک کرد، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕەخنە بووینەوە و توڕەبوونیش هەبوو.
هەروەها رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو ڕووداوەی ڕوویدا لە سلێمانی لە نێوان سەرۆکی یەکێتی و ڕۆژنامەنووسان، ئەوە بەرپرسێکی پارتی یان حزبێکی دیکە بووایە، ڕاگەیاندنکاران و ڕۆشنبیران و میدیاکانی سلێمانی چییان دەکرد؟.
لەبارەی بەیاننامەکەی لقی سلێمانی سەندیکاری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕەحمان غەریب گوتی: ئەوان نوێنەرایەتی ڕۆژنامەنووسان ناکەن چونکە بەرپرسی لقەکە سیاسەتی یەکێتی بەسەردا زاڵە و کاریگەری لەسەر هەڵوێستەکانی هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی 22ـی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی ئاڕاستەکردنی پرسیارێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە لە شاری سلێمانی، لێی توڕەدەبێت و سوکایەتی و بێڕێزی پێدەکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە نێوەندە میدیاییەکان و ڕای گشتی لێکەوتەوە.