کاتێک جەژنی منە کە تۆڵەی براکانم بەدەستی خۆم کردبێتەوە
هاوژین هادی سوور بێدەنگی دەشکێنێت
یەکێک لە چەکدار و سەرپەرشتیارانی نزیک لە لاهور تاڵەبانی، لە پەیامێکدا، زانیاریی نوێ لەسەر شەوی گەمارۆدانی ناوچەی لالەزار لە سلێمانی ئاشکرا دەکات و وردەکاریی ڕووبەڕوبوونەوەکان و کوژرانی دوو لە هاوڕێکانی دەخاتەڕوو.
گەمارۆدانی لالەزار و فەرمانی دەستگیرکردنەکە
لە پەیامەکەدا هاتووە، کە ناوچەی لالەزار لە لایەن هێزێکی گەورەی ئەمنی، دژەتێرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشەوە بە چەکی قورس، دۆشکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی گەمارۆ درابوو. بە گوتەی ناوبراو، هێزەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی چووبوونە شوێنەکە.
ئامادەکاریی چەکداری و ڕووبەڕوبوونەوە
هاوژین ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی گەمارۆدانەکەدا، شێخ لاهور پەیوەندی پێوە کردووە و پرسیاری لەسەر توانای هێزەکانی کردووە بۆ بەکارهێنانی چەکی قورس. ناوبراو دەڵێت: "پێم ڕاگەیاند کە هێزەکانمان مەشقیان کردووە و شارەزای هەموو جۆرە چەکێکی سوک و مامناوەندن، پاشان بە فەرمانی ئەو لە چواردەوری لالەزار و لەسەر باڵەخانە نوێکەی ئۆسکار دابەش بووین."
کوژرانی دوو چەکدار و هاوسەنگەری نزیکی
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، ناوبراو باسی ساتەکانی پێش کوژرانی دوو لە هاوسەنگەرانی دەکات بە ناوەکانی (موستەفا و ڕێکار) و دەڵێت: "ئەوان بە چەکی کڵاشینکۆف و AT4ـەوە ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە و ڕەتیانکردەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن، تا دواجار لەو شەڕەدا گیانیان لەدەستدا." هەروەها دەڵێت کە چەند چەکدارێکی تریان لە ئێستادا دەستگیرکراون و لە زینداندان.
هێرشکردنە سەر بافڵ تاڵەبانی و ڕەتکردنەوەی جەژنەپیرۆزە
لەکۆتایی پەیامەکەدا، هاوژین هێرشی توند دەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و تۆمەتباری دەکات بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و چەندین تاوانی تر، و دەپرسێت "بۆچی هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیر ناکەن؟" ڕاشیگەیاندووە کە بەهۆی کوژرانی هاوڕێکانی و "داگیرکردنی سلێمانی لەلایەن خاکفرۆشانەوە"، ئەو هیچ جەژنەپیرۆزەیەک لە کەس ناکات و جەژنی ڕاستەقینەی خۆی دەبەستێتەوە بە کاتی "تۆڵەسەندنەوە".