ئومێد خۆشناو دڵنیایی بە جووتیاران دەدات
ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادرێت لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران
بەهۆی بارانبارینی باشی ئەمساڵەوە، بەرهەمی گەنم لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە زیادی کردووە، پارێزگاری هەولێر ڕێگە نادات مافی هیچ جووتیارێک بفەوتێت.
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی لەنزیکەوە چاودێریکردنی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران سەردانی سایلۆی هەولێری کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەمساڵ بڕی 188 هەزار تۆن گەنم لە سنووری گوێڕ و دیبەگە، لە ڕێگەی سێ بنکەی سەرەکی سایلۆی هەولێر، کۆیە و قوشتەپە لە جووتیاران وەردەگیرێت.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، بەرزبوونەوەی کوالێتی بەرهەمی ئەمساڵ وایکردووە کارکردنی سایلۆکان گۆڕانکاری ئەرێنی بەخۆیەوە ببینێت.
ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە، بەپێی ڕێنماییەکان، ڕێگە لە هەموو جۆرە سەرپێچی و تەجاوزاتێک گیراوە بۆ ئەوەی مافی جووتیارانی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت.
لە کۆتاییدا ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، حکومەت گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات و پڕۆژەی گەورەی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەگبەدایە.