پشکنینی دی ئێن ئەی چارەنووسی یاد سەرباز دەگۆڕێت
پەیامی گوندەکانی ئێندزە و کۆیلە لەسەر چارەنووسی یاد سەرباز
دانیشتووانی گوندەکانی ئێندزە و کۆیلێ پێکەوە بەرپرسیارێتی سۆراغکردنی یاد سەرباز دەگرنە ئەستۆ و باس لەوە دەکەن، لە ئێستادا بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی دەکەن.
دانیشتووانی هەردوو گوندەکانی ئێندزە و گوندی کۆیلێ لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێن: وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ پەرۆشی ڕای گشتی، هاووڵاتییانی کوردستان و بەدەمەوەهاتنی دەزگا ئەمنییەکان و ئاسایش، ڕای دەگەیەنن کە هێشتا هیوایەکی گەورەیان هەیە کە یاد سەرباز لە ژیاندا مابێت و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، بەڵێن بە تەواوی کوردستان دەدەن کە بە هیچ شێوەیەک لەم دۆسیەیە کۆڵ نادەن، بێدەنگی هەڵنابژێرن و داوای مافی ئەو منداڵە بێتاوانە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هۆشداری تووند دەدەن، هەر کەسایەتی یان لایەنێک دەستی لەم تەمومژی و ونبوونەدا هەبووبێت، لە ڕێگەی دادگاوە ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەکرێتەوە.
دانیشتووانی گوندەکانی ئێندزە و کۆیلێ جەخت لەوە دەکەنەوە، لە ئێستادا هەموو لایەک چاوەڕوانی تاقیگە و پزیشکی دادین تاوەکو بەپێی پشکنینە زانستییەکان ڕاستی بابەتەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا ببێت.