لە ماوەی 12 کاتژمێردا دوو کەس گیانیان لەدەستدا
مەرگ لە شاخ؛ وردەکاریی دوو ڕووداوەکەی بناری قەندیل.
لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێردا، دوو ڕووداوی دڵتەزێن لە بناری چیای قەندیل ڕوویاندا و بوونە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاووڵاتی.
ئهمڕۆ هاووڵاتییەک بە ناوی عومەر حاجی حەمەسور، تەمەن 50 ساڵ و دانیشتووی گوندی زورکان لە سنووری پشدەر، لە کاتی چوونی بۆ هێنانی گیای شاخ، بەهۆی تاشەبەردێکەوە هەڵدێرا و گیانی سپارد.
بهپێی زانیارییهكان، ناوبراو پیشەی پێشمەرگە بووە و باوکی 5 منداڵە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردووش، گەنجێکی گوندی ڕەزگە هەر لە سنووری پشدەر، بە مەبەستێکی هاوشێوە و بۆ هێنانی گیای شاخ چووەتە چیای قەندیل و ئەویش بەهۆی هەڵدێرانەوە گیانی لەدەستداوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان کە لە کاتی سەرکەوتن بۆ ناوچە شاخاوییەکان و کۆکردنەوەی بەرهەمە بەهارییەکان، ئاگاداری مەترسییەکانی هەڵدێران بن.