زەیدی گۆڕانکاری لە سێ پۆستی باڵادا دەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت گۆڕانکاری لە پۆستەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بکات
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کارگێڕی و ئەمنییەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ناوی سێ کەسایەتی لە میدیا عێراقییەکان باس دەکرێت بۆ وەرگرتنی سێ پۆستی باڵا و ستراتیژی لە حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا کە تایبەتن بە کەرتی دارایی و ئاسایشی نیشتمانی بۆ شوێنگرتنەوەی هەر یەکە لە قاسم ئەعرەجی و عەلی عەلاق و عەبدولکەریم بەسڕی.
میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دەنگۆی بەهێز هەیە لەسەر ڕاسپاردنی نزار ناسر بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق. نزار ناسر حسێن یەکێکە لە پسپۆڕە داراییە دێرینەکان و پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پارەدان بووە لەناو بانکی ناوەندیدا، کە ئەزموونێکی زۆری لە نوێکردنەوەی سیستمەکانی پارەدان و چاکسازیی تەکنیکیدا هەیە و باس لەوە دەکرێت کە ڕاسپێردراوە بۆ شوێنگرتنەوەی عەلی موحسین عەلاق کە بەگوێرەی زانیارییەکان خۆی دەستی لە پۆستەکەی کێشاوەتەوە.
هاوکات سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، قاسم عەبوودی وەک ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ شوێنگرتنەوەی قاسم ئەعرەجی ڕاسپێردراوە. عەبوودی کەسایەتییەکی یاسایی و کارگێڕییە، پێشتر بۆ ماوەیەکی زۆر ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان بووە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق، گۆڕانکاری لەو پۆستانە پێویستی بە پەسەندکردنی پەرلەمانی عێراقە، دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە ناوەکانیان پێشنیاز دەکرێت یان دەسەڵاتی هەیە بەشێوەی وەکالەت، کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکان ڕابسپێرێت.
هەوەها بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری، پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی وەرگرت، کە پێشتر یەکێک بوو لە کاندیدەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
ڕۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، باسم بەدری لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە وەکو سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دیاریکراوە.
باسم بەدری دەبێتە شوێنگرەوەی عەبدولکەریم بەسری، کە لە ساڵی 2021ـەوە سەرۆکایەتیی دەزگاکە دەکات. فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دەرکراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە باسم بەدری بە فەرمی پۆستەکە وەردەگرێت.
باسم محەممەد یونس بەدری، لە ساڵی 1964 لە بەغدا لەدایکبووە. ناوبراو پێش ئەوەی پۆستی حکومی وەربگرێت، پرۆفیسۆری یاریدەدەر بووە لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدا و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریی کشتوکاڵیدا. بەدری لە ساڵی 2013ـەوە، سەرۆکایەتی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەری دەکات، کە بەرپرسە لە پاکتاوکردنی بیری بەعسی. هەروەها لە نیسانی ئەم ساڵدا، باسم بەدری لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، بەڵام دواتر عەلی زەیدی ئەو پۆستەی وەرگرت.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دامەزراوەیەکی ئەمنی و هەواڵگریی باڵایە کە ڕاستەوخۆ بە سەرۆکوەزیرانەوە بەستراوەتەوە و ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیریی وڵات لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زانیاریی پێشوەختە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێکدانی شانە نەهێنییەکانی داعش، سیخوڕی و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو وەک قاچاخچێتیی گەورە و بازرگانیی ماددەی هۆشبەر، شانبەشانی پاراستنی ئاسایشی ئابووری و ئەلیکترۆنی.