پێگەی ئایینە گەورەکان لە نێوان ژمارە و پابەندبووندا
جیاوازی نێوان ژمارە و کردار؛ ڕاستییەکان دەربارەی ئایینە گەورەکان
لێکۆڵینەوە و ئامارە نوێیەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پیو و دامەزراوەی گالۆپ نیشانی دەدەن کە نەخشەی بڵاوبوونەوەی ئایینەکان لە جیهاندا لە نێوان دوو پێوەری سەرەکیدا دابەش بووە؛ ژمارەی گشتیی شوێنکەوتووان و ئاستی پابەندبوونی کرداری بە پەرستشەکان.
بەپێی داتاکان، ئایینی مەسیحی لەسەر ئاستی جیهان هێشتا گەورەترین ئایینە لە ڕووی ژمارەی شوێنکەوتووانی، چونكه ڕێژهكه گەیشتووەتە نزیکەی 2.4 ملیار کەس، کە دەکاتە 31%ی دانیشتوانی سەر زەوی. لە پلەی دووەمدا، ئایینی ئیسلام دێت کە ژمارەی شوێنکەوتووانی لە 1.9 ملیار کەس تێپەڕیوە و 25%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، هاوکات ئیسلام بە خێراترین ئایین لە ڕووی گەشەی دیمۆگرافییەوە دادەنرێت. ئایینی هیندۆسیش بە 1.2 ملیار شوێنکەوتوو لە پلەی سێیەمدا جێگیر بووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکان دەریانخستووە کە ئایینی ئیسلام بەرزترین ڕێژەی پابەندبوونی ڕاستەقینە و ڕۆژانەی پەرستشەکانی هەیە لە نێو سەرجەم ئایینەکاندا. توێژەران ئەمە بۆ سروشتی ئەرکە ڕۆژانە و ساڵانەکانی وەک پێنج نوێژەکە و ڕۆژووی ڕەمەزان دەگێڕنەوە کە تێکەڵی ژیانی تاک بوون. پاش ئیسلام، هیندۆسی لە پلەی دووەمی پابەندبووندا دێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە داتاکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور ئاماژە بە دیاردەی مەسیحییەتی کولتووری یان ناسنامەیی دەکەن؛ بە جۆرێک ڕێژەیەکی بەرچاو لە مەسیحییەکان تەنها لە ڕووی ناو و ناسنامەوە خۆیان دەناسێنن و ئامادەبوونیان لە کەنیسەکاندا بە شێوهیهكی خێرا ڕووی لە دابەزین کردووە.