پایتەخت

ڕوونکردنەوەیه‌كی به‌په‌له‌ له‌ پۆلیسی وزەی كه‌ركووكه‌وه‌

ڕوونکردنەوەیه‌كی به‌په‌له‌ له‌ پۆلیسی وزەی كه‌ركووكه‌وه‌
کورتە

ڕوونکردنەوەی فەرمی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی لە بەنزینخانەیەکی کەرکووک تۆمار کرابوو بڵاوکرایەوە.

پۆلیسی كه‌ركووك ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو ڕووداوە دا کە لە بەنزینخانەی شۆرجە ڕوویدا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی هەبوو.

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وزە لە کەرکووک بڵاویكرده‌وه‌، هاووڵاتییەک داوای سووتەمەنیی دەرەوه لە ڕێنماییەکان کردووە، بەڵام کارمەندی بەنزینخانەکە ڕەتیکردووەتەوە بەنزینی پێ بدات، چونکە ئەو هاووڵاتییە پێشتر پشکی خۆی وەرگرتووە.

به‌پێی بڵاوكراوه‌كه‌، دوای ئەوەی هاووڵاتییەکە دەستی بە وێنەگرتن و بێزارکردنی کارمەندەکە کردووە بۆ ئەوەی ناچاری بکات بەنزینی پێ بدات، کارمەندەکە داوای هاوکاری لە پۆلیسی ناو بەنزینخانەکە کردووە بۆ دوورخستنەوەی. لەو کاتەشدا پۆلیسەکە هەوڵی داوە ڕێگری لە وێنەگرتنەکە بکات، کە ئەمەش لە ڤیدیۆکەدا بەدی دەکرێت.

هه‌روه‌ها پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، پۆلیسەکە له‌ هاووڵاتییەکەی نەداوە، بەڵکو تەنها هەوڵی داوە مۆبایلەکەی لێ وەربگرێت. جەختیشی كراوه‌ته‌وه‌ کە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو هاووڵاتییە لە بنکەی پۆلیسی عەروبە تۆمار کراوە بەهۆی وێنەگرتنی دامەزراوەیەکی حکومی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پشێوی لە کاتی قەیراندا.

پۆلیسی وزە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن و دووربکەونەوە لە دروستکردنی هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لە شوێنە گشتییەکاندا. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وێنەگرتنی ناوەندە حکومییەکان لە کاتی هەبوونی قەیراندا دەبێتە هۆی نانەوەی فیتنە و پشێوی لەناو شاردا، بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

به‌پێی زانیارییه‌كانی پایته‌خت میدیا، پۆلیسەکە و رائید حەلاق، ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی گرتووە ‌دەستبەسەركراون و لە ئێستادا لەبەردەم دادوەر وتەیان لێ وەردەگیرێت.

13 حوزەیران 2026 15:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026