پایتەخت

سپایدەرمانە یەمەنییەکە گیانی لەدەستدا

سپایدەرمانە یەمەنییەکە گیانی لەدەستدا
کورتە

قەعقاع بن عەنتەر ناسراوە بە سپایدەرمانە یەمەنییەکە لە بەرزایی 120 مەتر کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

سەرکێشییە مەترسیدارەکانی سپایدەرمانە یەمەنییەکە کۆتاییەکی تراژیدیی هەبوو، قەعقاع بن عەنتەر ئەو گەنجەی بەبێ کەرەستەی پاراستن بەسەر دیوارە بەرزەکاندا سەردەکەوت، لە کاتی ئەنجامدانی کارێکی مەترسیدار لە پارێزگای زاڵع کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا گەنجە ناودارەکەی یەمەن کە بە قەعقاع ناسرابوو، لە کاتی سەرکەوتن بەسەر دیوارێکی لێژی چاڵێکی گڕکانیدا هاوسەنگیی لەدەستدا و کەوتە خوارەوە، قەعقاع کە بەهۆی لێهاتوویی لە سەرکەوتن بەسەر شوێنە سەختەکاندا نازناوی سپایدەرمانی یەمەنی لێنرابوو، ئەم سەرکێشییانەی کردبووە سەرچاوەی بژێویی ژیانی، ئەو ناوی خەڵکی لەسەر بەرزایی و شوێنە مەترسیدارەکان دەنووسی و لە بەرامبەردا بڕێک پارەی وەردەگرت.

شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم گەنجە لە کاتی ڕووداوەکەدا هیچ جۆرە ئامێرێکی دڵنیایی و کەرەستەیەکی خۆپارێزیی بەکارنەهێناوە، ساتەوەختی کەوتنەخوارەوەکەشی لەلایەن یەکێک لە هەوادارانییەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دەکرد، بە ڤیدیۆ تۆمار کراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە.

بەهۆی قووڵیی چاڵەکە و سەختیی شوێنی ڕووداوەکە پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر بووەتەوە، بەڵام دواجار تیمەکانی فریاگوزاری توانییان تەرمی قەعقاع بدۆزنەوە و لە چاڵە قووڵەکەدا بهێندرێتەوە دەرەوە.

13 حوزەیران 2026 13:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026