عێراق هاوردەکردنی بەنزین لە ئێرانەوە ڕەت دەکاتەوە
ئەو هۆكارانهی كه لە پشت گرانی و خراپی کواڵێتی بەنزینەوەیە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشكرا بوو.
حكومهتی عێراق، له ڕێگهی وهزارهتی نهوتی عێراق و کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، هاوردەکردنی بەنزین لە ئێرانەوە ڕەت دەکاتەوە و وردەکاریی قەیرانەکە ئاشکرا دەکات.
ئهمرۆ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک بەنزین لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە ناکەن و حکومەتی عێراق پابەندی ئەو سزایانەیە کە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراون.
وەزارەتەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی سووتەمەنی ڕێگەی بە وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان داوە کە لە دەرەوەی وڵات بەنزین بکڕن، لە ئێستاشدا تەنها لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەنزین بۆ ناوخۆ دابین دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییە و کشانەوەی هەندێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان کاریگەریی گەورەیان هەبووە. ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی لەدەستدانی بڕی 4 بۆ 5 ملیار لیتر بەنزینی ئۆکتان بەرز، کە ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕەکانی سووتەمەنی لە وڵاتهكهدا.
ئەم بڕیار و ڕوونکردنەوانەی وەزارەتی نەوت لە کاتێکدایە، کە ماوەی نزیكەی مانگێکە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی کەمیی بەنزین بوون. ئەم دۆخە بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی لیترێک بەنزین و تێکچوونی کوالێتییەکەی، کە نیگەرانییەکی زۆری لای شۆفێران و هاووڵاتییان دروست کردووە.
حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوردەکردنی بەنزین لە وڵاتانی دیکەوە، کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت و نرخەکان جێگیر بکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت بەشداریکردنی کەرتی تایبەت لە کڕینی بەنزین لە دەرەوەی وڵات، یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی کە لە بەرهەمهێنانی ناوخۆییدا دروست بووە.