بارهەڵگرێك بە سێ سەرنشینەوە كهوته ژێر ئاوەوە
وەرگەڕانی بارهەڵگرێکی گەورە بۆ ناو ڕووباری چۆمان؛ چارەنووسی 3 سەرنشینەکە چی بەسەرهات؟
بارهەڵگرێک بە سێ سەرنشینەوە دەکەوێته ناو ڕووباری چۆمان. دوو سەرنشین ڕزگارییان دەبێت و دانەیەکی تریش گیان لەدەست دەدات.
ئەمڕۆ ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوو لە سەرنشینەکان بە سەلامەتی ڕزگارکراون، بەڵام یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم بەرەبەیانییە بارهەڵگرێکی جۆری (ئەکتڕۆز) لەسەر ڕێگای هامڵتۆن و لە نزیک گوندی ڕەزان کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوەتە ناو ڕووباری چۆمان. بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆرانیش دەڵێت: ڕووداوەکە لە جۆری لادان بووە لە ڕێگا، بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی کەوتووەتە ناو ئاوەکەوە.
لەناو بارهەڵگرەکەدا سێ سەرنشین هەبوون کە لە سەرەتای ڕووداوەکەدا بێسەروشوێن بوون، بەڵام دوای گەڕانێکی زۆر لەلایەن تیمەکان و خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرانەوە و لە ئاوەکە دەرهێنران.
بریندارەکان و تەرمی قوربانییەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی چۆمان کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و ڕێکارە پزیشکییەکان. هاوکات تیمەکانی هاتووچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی لادانی بارهەڵگرەکە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران داوا لە شۆفێران دەکات، بەتایبەت لە ڕێگا شاخاوییەکاندا، پابەندی خێرایی دیاریکراو بن و ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن. ئەم هۆشدارییە دوای زیادبوونی ڕووداوەکانی وەرگەڕان دێت لەو ناوچانەی کە بەهۆی هەڵدێر و ڕووبارەکانەوە مەترسییان لەسەرە، تاوەکو سەلامەتی هەموو لایەک بپارێزرێت.
جێی ئاماژەیە، ڕێگای هامڵتۆن و ناوچەی باڵەکایەتی یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەهۆی سەختیی ڕێگاکە و هەڵدێرەکانەوە، زۆرجار ڕووداوی هاوشێوەی تێدا تۆمار دەکرێت.