موجتەبا خامنەیی: ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەین
ئەمریکا و ئێران نزیکن لە ڕێککەوتن و لە ڕۆژی یەکشەممە لە جنێف کۆدەبنەوە.
ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران وەرچەرخانێکی کتوپڕ بەخۆوە دەبینێت، لە کاتێکدا ترەمپ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕاگەیاندووە، وا بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە لە شاری جنێف، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئامادەکارییەکان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە تەواو بوون، ئەمەش دوای ئەوە دێت ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران زۆر نزیکە، ترەمپ ئاشکرای کردووە، بەهۆی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران دەرکردووە و ئاماژەی بەوەش دا کە بە واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە، گەرووی هورمز جارێکی دیکە بە ڕووی کەشتی نێودەوڵەتیدا دەکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، متمانەیەکی تەواو هەیە کە ئەمجارە هەوڵەکان دەگەنە ئەنجام، ڕۆژنامەکە زانیارییەکی هەستیاری ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "ناوەندە سەربازییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردووەتەوە کە موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران، بە تەواوی لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ڕازییە."
بڕگەیەکی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە دۆسیەی ئەتۆمییەوە، وا بڕیارە دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، وردەکارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە تاوتوێ بکرێن، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە لەسەر بنەمای پاڵپشتی دارایی لەبەرامبەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆم داڕێژراوە، ئەگەر ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕادەست بکات، بڕە پارەیەکی زەبەلاح وەک هاوکاری وەردەگرێت.