پایتەخت

عەلی خامنەیی بە خاک دەسپێردرێت

عەلی خامنەیی بە خاک دەسپێردرێت
کورتە

تەرمی عەلی خامنەیی لە 9\7\2026 بە خاک دەسپێردرێت و موجتەبا خامنیەی وتار پێشکەش دەکات.

عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران دوای 37 ساڵ لە حکومڕانی دواجار لە 1ی ئازاری 2026، ئەمریکا بە 30 مووشەکی زەمینبڕ هێرشی کردە سەر قووڵترین حەشارگەی تاران، کە تێیدا عەلی خامنەیی و 40 بەرپرسی باڵای ئێران کوژران.

ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، لە 9\7\2026 عەلی خامنەیی بەخاک دەسپێردرێت و موجتەبا خامنەیی کوڕی لە ڕێوڕەسمەکەدا وتارێک پێشکەش دەکات، هاوکات جەستەی عەلی خامنەیی ماوەی 113 ڕۆژە تاوەکو ئێستا نەنێژراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی میدیا فەرمییەکانی ئێران، پرۆسەی ماڵئاوایی لە ڕۆژی شەممە 4-7-2026 لە تاران دەست پێ دەکات و تا ڕۆژی پێنجشەممە لە مەشهەد بەردەوام دەبێت، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە (4 و 5-7-2026) بۆ ماڵئاواییکردنی جەماوەری لە تاران تەرخان کراوە، پاشان ڕۆژی دووشەممە مەراسیمی فەرمی بەڕێکردن لە تاران ئەنجام دەدرێت. دوای پایتەخت، تەرمەکە دەگوازرێتەوە بۆ شاری قوم و ڕۆژی سێشەممە لەوێ مەراسیمی بۆ ساز دەکرێت، وێستگەی کۆتایی ئەم پرۆسەیە شاری مەشهەد دەبێت. بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە مەراسیمی کۆتایی بەڕێکردنی تەرمەکە بەڕێوەبچێت و هەر لەو ڕۆژەدا لە مەرقەدی ئیمام ڕەزا، کە پیرۆزترین شوێنی ئایینییە لە ئێران تەرمەکە بە خاک بسپێردرێت.


ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی لە 1ی ئازاری 2026 لە ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری و سەربازی چڕدا بە 30 مووشەک لە جۆری بانکەر (Bunker Buster) هێرشی کردە سەر کۆشکەکەی عەلی خامنەیی کە قووڵترین حەشارگەی تارانە، لە هێرشەکەدا تەنها عەلی خامنەیی تێدا نەکوژرا، بەڵکو هەڕەمی فەرماندەیی سەربازی و ئەمنی ئەو وڵاتەی لەناوبردووە، کە تێیدا حەوت بەرپرسی تر و عەلی شەمخانیش کوژراوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنی حەشارگەکەی خامنەیی لە تاران گوتی: "شوێنی حەشارگەی خامنەیی لە تاران لە ڕێگەی سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی پێشکەوتووەوە دۆزراوەتەوە". هەروەها لەبارەی خامنەیی و گەلی ئێرانیش گوتی: "خامنەیی وەک یەکێک لە خراپترین مرۆڤەکانی مێژوو کوژرا و دادپەروەری بۆ خەڵکی ئێران گەڕایەوە، ئەمە گەورەترین هەلە بۆ گەلی ئێران تا وڵاتەکەیان وەربگرنەوە".

نیویۆرک تایمز وێنەی مانگە دەستکردەکانی پێش هێرشەکە و دوای هێرشەکەی بڵاوکردەوە، وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە کۆشکی خامنەیی لە تاران بە تەواوی لەگەڵ زەوی تەخت بووە، لە بەرامبەردا تاران تا ئێستا لە شۆکێکی گەورەدایە، پێش پەیامەکەی ترەمپ نووسینگەی خامنەیی هەواڵەکەی بە شەڕی دەروونی ناوبرد، بەڵام دوای ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەی واشنتن، بێدەنگییەکی ڕەها دامەزراوەی بڕیاردانی ئێرانی گرتەوە.

میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن: "عەلی خامنەیی چەندین بەرپرس و فەرماندەی باڵا و کەسی نزیکی لەگەڵ بووە و هەموویان کوژراون و هیچ کەسێکیان دەرباز نەبوونە". هاوکات فۆکس نیوز بڵاوی کردووەتەوە کە لەگەڵ خامنەیی 40 بەرپرسی تری باڵای ئێران کوژراون.

سەید عەلی خامنەیی، دوای مردنی خومەینی لە ساڵی 1989، وەک ڕابەری باڵا و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستنیشانکرا، ماوەی 37 ساڵ خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای ئێران بوو، پیاوێکی ئایینی شیعەی 12 ئیمامیی ئوسوڵگەرایە. خامنەیی شەش منداڵی هەیە، دوو کچ بە ناوەکانی بوشرا و هودا، چوار کوڕ بە ناوەکانی مستەفا، موجتەبا، مەسعود و مەیسەم.

هێرشەکە بە 30 مووشەکی بانکەر (Bunker Buster) کراوە کە توانایان هەیە چەندین مەتر بچنە ناو قووڵایی زەوی. ئەم مووشەکانە کە ئاراستەی شوێنێک دەکرێن جگە لە تەقینەوە، گازی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە هیچ کەسێک لەناو ژێرزەمینەکاندا بە زیندوویی نامێنێتەوە.

13 حوزەیران 2026 15:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026