پایتەخت

ریال مەدرید و گرێبەستی نوێ

ریال مەدرید و گرێبەستی نوێ
کورتە

جیهان سەرقاڵی مۆندیالە و ریال مەدریش گرێبەستی نوێ

لە کاتێکدا هەموو جیهان چاوی بڕیوەتە سەر یارییەکانی مۆندیالی 2026، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدرید، لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی ئەنجامدانی سوپڕایزە بۆ ڕکابەرەکانی، یانەی شاهانە بە فەرمی واژۆکردنی سێیەمین گرێبەستی گەورەی خۆی ڕاگەیاند، کە ئەویش یاریزانی دڵی بەرگری هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئیبراهیما کۆناتێ بوو.

 

کۆناتێ دوای تەواوبوونی وەرزی ڕابردوو، پشتی لە لیڤەرپوول کرد و بە گرێبەستێکی ئازاد و بێبەرامبەر تاوەکو ساڵی 2032 خۆی بە قەڵای سپییەوە گرێدا، پێرێز دوای گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی یانەکە، یەکەم کاری هێنانی جۆزێ مۆرینیۆ بوو بۆ سەر کورسی ڕاهێنەرایەتی، مۆرینیۆش بێدەنگ نەبوو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا سێ هێرشی کوشندەی کردە سەر خولی ئینگلیزی (پرێمەرلیگ).

 

سەرەتا مارک کوکورێیای لە چێڵسی فڕاند، پاشان بێرناردۆ سیلڤای لە مانچێستەر سیتی جیاکردەوە، و ئێستاش کۆناتێ لە لیڤەرپوول، سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە دێنزێل دۆمفرێس، دێوە هۆڵەندییەکەی ئینتەرمیلانیش، بلیتی گەشتەکەی بۆ مەدرید بڕیوە و تەنها ماوە یانەکە بە فەرمی واژۆکردنی گرێبەستەکەی بڵاو بکاتەوە.

 

پێشتریش ریال مەدرید، گرێبەستی بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرە پورتوگالیەکەی مانچێستەر سیتی بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاگەیاند، کە بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە یانە ئینگلیزییەکە، بەشێوەیەکی ئازاد چووە مەدرید.

 

هەروەها مارک کوکورێیا، بەرگریکاری باڵی چەپی هەڵبژاردنەی ئیسپانیا و یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، گرێبەستی گواستنەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە نزیکەی 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی پێنج ساڵ و تاوەکو ساڵی 2031 واژۆکرد.

18 حوزەیران 2026 19:31
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026