شێوازی ڕادەستکردنی گەنمی جووتیاران گۆڕدرا
نۆرە نەگریت ناتوانێت گەنمەکەت ڕادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بکەیت
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ بە فەرمی دەستیپێکرد و بڕیارە 400 هەزار تەن گەنم بەپێی سیستەمێکی نوێی نۆرەگرتن لە سایلۆکاندا وەربگیرێت.
بەپێی پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بڕی وەرگیراو دابەش کراوە بەسەر دوو جۆری نرخدا؛ بڕی 292 هەزار تەن لە سنووری پلاندا بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک وەردەگیرێت، و بڕی 108 هەزار تەنەکەی دیکە کە لە دەرەوەی پلانە، بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک کڕینەوەی بۆ دەکرێت.
دیاریکردنی پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنم بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
سلێمانی: 150 هەزار و 209 تەن.
هەولێر: 122 هەزار و 680 تەن.
دهۆک: 116 هەزار و 83 تەن.
هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تەن.
لەمبارەیەوە میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ پڕۆسەکە بەپێی سیستەمی نوێی نۆرەگرتن بەڕێوەدەچێت کە لە هەموو عێراقدا پەیڕەو دەکرێت.
میران بەختیار باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ڕادەستکردنی گەنم بە سەرکەوتوویی دەستیپێکردووە و وەرگرتنی بەرهەمەکان تا کاتی نەمانی بارهەڵگرەکان لە بەردەم سایلۆکان بەردەوام دەبێت.
شایەنی باسە، بۆ شێوازی نۆرەگرتن پێویستە جووتیار پێش هێنانی بارەکەی لە ڕێگەی لینکەوە ناوی تۆمار بکات و کورتەنامەی دڵنیایی پێ بگات، بوونی هەر هەڵەیەک ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکە دەکات، هەروەها دەبێت ڕێک لەو ڕۆژەی بۆیان دیاریکراوە ئامادە بن بەپێچەوانەوە نۆرەکەیان دەسووتێت و دەبێت سەرلەنوێ سەرە بگرنەوە.