پایتەخت

ڕاگه‌یه‌ندراوێكی خێرا له‌ وەزارەتی داراییه‌وه‌

ڕاگه‌یه‌ندراوێكی خێرا له‌ وەزارەتی داراییه‌وه‌
کورتە

وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی عەلی حەمەساڵح و عومەر گوڵپی دەداتەوە

وه‌زاره‌تی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەمدواییەی عەلی حەمەساڵح و عومەر گوڵپی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لێکدانەوەکانیان بۆ داتاکانی داهاتی ناوخۆ نادروست و بێ بنەمان.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكرده‌وه‌، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی فشارە ئابوورییەکان، باج، گومرگ و ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەکان، داهاتی ناوخۆی هەرێم بەڕێژەی نزیکەی 70% کەمبووەتەوە.

 

سەبارەت بە داهاتی خاڵە سنوورییەکان، کارەبا و هاتووچۆ، وەزارەت ئاشكرای كردووه‌، بەشێک لەو داهاتانە بەپێی یاسا بۆ خەرجی ناوخۆیی خودی وەزارەتەکان یان وەک چەک و مەقاسە بەکاردێن و هەمووی ناچێتە خەزێنەی گشتییەوە. هەروەها جەختیان کردەوە کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم بەردەوام وردبینی بۆ داتاکان دەکەن و هیچ لارییەکیان لەسەر ئامارەکان نەبووە.

 

بەپێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی، کۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 گەیشتووەتە 633,813,000,000 دینار، کە لەو بڕە 453,386,354,000 دیناری نێردراوە بۆ حکومەتی فیدراڵ.

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراو: ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە


(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ)


دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لە کەناڵی ڕووداو، کە تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووە ڕوو، هەریەک لە بەڕێزان عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان، بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە؛ ئەوەی پەیوەندیی بە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە، بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا وەڵامیان بدەینەوە:


لە دەستپێکی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت: وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کاتێک وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە. داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات.


بە خشتەیەک داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینە ڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەدا تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینیی بۆ کراوە، وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە. جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین: بێ زەحمەت ئەم 400 ملیارەت لەکوێ هێناوە؟


هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە 140 ملیار دینارە، ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت 40 ملیار دینار بێت؟ داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لە گۆڕاندایە، لە ڕابردوودا هەر ژمارەیەک بووبێت، لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەدا دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکاندا وردبینییان کردووە و ژمارەکانیان لەبەردەستدا بووە، وە هیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە. نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەکات چییە؟!


بۆ هەموو ئەوانەی داتا و زانیاریی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە؛ لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ، فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج، گومرگ، بیمە و هتد... کە فشارێکی ئابووری و بازرگانیی توندی لەسەر هەرێم داناوە. سەرباری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە کاریگەرییەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟ ڕاستییەکەش ئەوەیە، هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە، بە نزیکەیی لە 70٪ـی داهات کەم بووەتەوە.


لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات؛ سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی تر بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت (بۆ پێداویستییەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان)، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە، دەبێتە داهاتی کۆتایی.


لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە 90 ملیار دیاری دەکات؛ بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بە کرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنها چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکاندا، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش. ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بە کردەیی (فیعلی) بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو 90 ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بە خۆیان بەمەبەستی تێچووی چاککردنەوەی وێستگەکان، محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا و... هتد.


لە کۆتاییدا پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین: بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و چەواشەکاری، کێ لێی سوودمەندە؟


دووپاتی دەکەینەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیارییانەی حکومەتی هەرێم نەبووە، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیکترن!
ئێمە تێکڕای قسەکانی ئەو بەڕێزانە ڕەت دەکەینەوە، چەندبارەشی دەکەینەوە کە دەتوانن هەرکاتێک ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری بکەن، بۆ ئەوەی تووشی هەڵە نەبن و لە سەرچاوەی ڕاستەوخۆوە کە ئێمەین، زانیارییەکان وەربگرن.


هاوپێچ: خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەکان (2019، 2020، 2021، 2022، 2023، 2024، 2025) لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ بەغدا نێردراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری 4ـی حوزەیرانی 2026



04 حوزەیران 2026 10:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026