پایتەخت

ترەمپ کۆنترۆڵی جەنگەکەی لەدەستدا

ترەمپ کۆنترۆڵی جەنگەکەی لەدەستدا
کورتە

لە دەنگدانێکدا بە 215 دەنگی بەڵێ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا سنووردار کرا، بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس ناتوانێت بڕیاری جەنگ بدات.

کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی بڕیارێکی نوێی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ پەسەند کرد، بەمەش مافی درێژەدان بە جەنگی ئێرانی بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختە لێ سەندەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی 215 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 208 دەنگی نەخێر، بەربەستێکی یاسایی تووندی خستە بەردەم کۆشکی سپی، جێی سەرنجی ناوەندە سیاسییەکان، درزکەوتنی ناو بەرەی کۆمارییەکان بوو، کاتێک 4 پەرلەمانتاری کۆماری لایەنگری دیموکراتەکانیان کرد، ئەمەش وەک پەیامێکی ڕوون لێکدەدرێتەوە کە ترسی پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوخۆی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکای هەژاندووە.

بڕیارە نوێیەکە هاوکێشەی جەنگەکە دەگۆڕێت و دەستبەجێ فەرمان بە ترەمپ دەکات کۆتایی بە هەموو جۆرە کردەوەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بهێنێت، مەگەر لە ژێر دوو مەرجی تووند دا:

- ڕاگەیاندنی فەرمی جەنگ لەلایەن کۆنگرێسەوە.

- دەرکردنی مۆڵەتێکی یاسایی تایبەت بۆ بەکارهێنانی هێز.

دیموکراتەکان کە پاڵنەری سەرەکی یاساکەن، دەستووری ئەمریکا بەکاردەهێنن و دەڵێن: "دەسەڵاتی جەنگ تەنیا لای کۆنگرێسە". هۆشداریشیان دا لە داڕمانی ئابووری، بەتایبەت دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی 28ـی شوبات بۆ سەر ئێران، بازاڕەکانی جیهانی تووشی شۆک کرد و نرخی سووتەمەنی و خۆراکی بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرزکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ترەمپ بە توندی بەرگری لە ستراتیژییەتەکەی دەکات و ڕایگەیاندووە، ئەم هێرشانە هێڵی بەرگری یەکەمن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و تاکە ڕێگەن بۆ پەکخستنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

04 حوزەیران 2026 09:34
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026