کوردێک دەبێتە بەرپرسی باڵاترین دەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە عێراق
بەنگین ڕێکانی ڕۆژی یەکشەممە دەستبەکار دەبێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنگین عەبدوڵڵا ڕێکانی بە فەرمی بۆ پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق دەستنیشان کرد و سەرەتای هەفتەی داهاتووش دەستبەکار دەبێت.
٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بە فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٦٢٦٩)، ڕایگەیاندووە: لەسەر بنەمای پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی بەنگین عەبدوڵڵا ڕێکانی بە ئەرکی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق.
بەگوێرەی فەرمانەکە، لەگەڵ دەرچوونی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقیش ئاشکرای کردووە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، بەنگین ڕێکانی بەشێوەیەکی فەرمی لە ئەرکەکەی دەستبەکار دەبێت.
بەنگین ڕێکانی لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق، لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی وەرگرتبوو، ماوەیەکیش بەشێوەی وەکالەت پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی بەڕێوەبرد