تەنها لە چەند کاتژمێرێکدا: بازاڕی نەوت بەهۆی ئەم ڕووداوەوە شێوا!
گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز دەکاتەوە.
بەهۆی بەردەوامی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بنبەستبوونی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن، نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا ئاستی 97 دۆلاری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ لە بازاڕی لەندەن، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 1.54 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 97.54 دۆلار، لە بازاڕی ئەمریکاشدا، نرخی بەرمیلێک نەوت 1.58 دۆلار زیادی کرد و گەیشتە 95.34 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ بەهۆی نیگەرانی بازرگانانە لە هێرشە نوێیەکانی ئەم دواییانە.
دوا بە دوای هێرشێکی موشەکی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز و بنکەیەکی پەیوەندی سەربازی لە دوورگەی قشم، ئێران بە موشەک و درۆن وەڵامی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوێت و بەحرەین دایەوە. بەهۆی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کوێت، کەسێک گیانی لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی ناو ئێران و پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن پچڕاندووە. سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە ئاگربەست لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان و غەززە پێشێل کراوە و ئێران ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزی وەک بژاردەیەک داناوە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بەردەوامن و پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز واژۆ بکرێت، بەڵام تاران دەڵێت: "هێشتا خەریکی تاوتوێکردنی ڕەشنووسی کۆتایین و وەڵامی فەرمییان نەداوەتەوە."