پایتەخت

حەیدەر فەیلی ئەندام پەرلەمانی عێراق: دەبێت هەر قوتابخانەیەکی عێراق بەناوی لەیلا قاسم بکرێت

 حەیدەر فەیلی ئەندام پەرلەمانی عێراق: دەبێت هەر قوتابخانەیەکی عێراق بەناوی لەیلا قاسم بکرێت
کورتە

هەنگاوێکی فەرمی لە بەغداوە دەنرێت بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی یەکەمین ژنە تێکۆشەر کە لە سەردەمی بەعس لەسێدارە دراوە

هەنگاوێکی فەرمی لە بەغداوە دەنرێت بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی یەکەمین ژنە تێکۆشەر کە لە سەردەمی بەعس لەسێدارە دراوە، پەرلەمانتارێک داوا دەکات لە هەموو پارێزگاکان قوتابخانە بە ناوی لەیلا قاسم بکرێن و هۆشداری دەدرێتە نەوەی نوێ لە تاوانەکانی بەعس.

 

حەیدەرعەلی فەیلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی داوایەکی مێژوویی ئاراستەی وەزیری پەروەردەی فیدراڵ کرد، پێشنیازەکە بریتیە لە ناونانی قوتابخانەیەکی نوێ (سەرەتایی، ناوەندی یان ئامادەیی) لە هەر پارێزگایەکی عێراقدا بە ناوی شەهید لەیلا قاسم، وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەکەمین ژن لە مێژووی وڵاتدا کە لەسەر دۆزی سیاسی و نەتەوەیی لە پێناو ئازادیدا قوربانی داوە.

 

پڕۆژەکە تەنها لە ناونانێکدا کورت نابێتەوە و بڕیارە لە ناو سەرجەم ئەو قوتابخانانەدا، تابلۆیەکی ناساندن هەڵبواسرێت کە کورتەیەک لە خەبات و مێژووی ئەم کچە تەمەن 22 ساڵە تێیدا نووسراوە، تا ببێتە وانەیەکی زیندوو بۆ نەوەی نوێ لەسەر دڕندەیی ڕژێمی پێشوو و قوربانیدانی گەلی کورد.

 

حەیدەر فەیلی گوتی: "لەکاتی ڕەزامەندی وەزارەتی پەروەردە، ئامادەیی تەواو هەیە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو قوتابخانانە"، هەروەها گوتیشی، "ئەم ناوەندانە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگاکان دەبن و خوێندنیش تێیاندا بە زمانی فەرمی و دانیشتوانی ناوچەکە دەبێت."

 

لەیلا قاسم، کچە تێکۆشەری کوردی فەیلی و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 12ـی ئایاری 1974 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسێدارەدرا و بوو بە یەکەمین ئافرەتی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا کە بچێتە سەر پەتی سێدارە، و تا ئێستاش وەک هێمایەکی جیهانی خۆڕاگریی ژن دەناسرێت.

04 حوزەیران 2026 00:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026