پایتەخت

ئاگاداری ئەم قاوەیە بن! ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە

 ئاگاداری ئەم قاوەیە بن! ژیانتان دەخاتە مەترسییەوە
کورتە

جۆرە قاوەیەک قەدەغە کرا، کە هۆکارە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆزینەوەی ماددەیەکی کیمیایی مەترسیدار، بڕیاری بەپەلەی سزادان و قەدەغەکردنی هەمەلایەنەی بۆ "قاوەی چوکڵێتی" دەرکرد و هۆشداری تووندیش دەداتە پەیجەکانی سۆشیال میدیا.

ئەمڕۆ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە نووسراوێکی فەرمی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا جۆرە قاوەیەک دەستی بەسەردا دەگیرێت کە هۆکارە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، پشکنینەکانی تاقیگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان دەریانخستووە کە قاوەی چوکڵێتی ماددەی کیمیایی قەدەغەکراوی  Sibutramin تێدایە، کە هیچ بنەمایەکی زانستی لە پشت نییە و مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.

لەسەر ئەم بنەمایە، وەزارەتی تەندروستی لە ڕێکەوتی 3ی حوزەیرانی 2026، بڕیاری سێ قۆڵی هاوچەرخی دەرکرد کە بەم شێوەیەیە:


- قەدەغەکردنی هەمیشەیی کڕین، فرۆشتن و هاوردەکردنی ئەم جۆرە قاوەیە بۆ ناو هەرێم.
- داخستنی دەستبەجێی سەرجەم ئەو پەیج و ئەکاونتانەی سۆشیاڵ میدیا کە ڕیکلام بۆ ئەم بەرهەمە دەکەن.
- کۆکردنەوەی بەرهەمەکە لە بازاڕەکان و ڕاپێچکردنی سەرپێچیکاران و فرۆشیاران بۆ بەردەم دادگا.

لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە چیتر نەبنە قوربانی ڕیکلامە بێ بنەماکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خۆیان لە بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک بپارێزن کە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی نییە.

04 حوزەیران 2026 10:53
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026