دەستی لەکار کێشایەوە و حزبەکەی بە کارتۆنی ناو دەبات
ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبێکی هەرێمی کوردستان دەستی لەکار کێشاوە و ڕەخنەی تووند لە حزبەکە دەگرێت.
ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ئەم بەیانییە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، پێی وایە 'ئەم حزبە بەر لەوەی لە دایك ببێت مردووە'.
ئەمڕۆ سێشەممە بێخاڵ سابر پێنجوێنی، ئەندامی سەركردایەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی بڵاویکردەوە، وەك ڕوونە لەپێناو نەمانی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری و دیموكراسی پارتێكی سیاسییان دامەزراند، بەڵام زۆری نەبرد لە قۆناغێكی زۆر كەم و خەباتێكی ئێجگار كەم چەند سەرۆكێك هاتن و ڕۆشتن بێئەوەی بتوانن بناغەی دەستووری پەیڕەوی ناوخۆی حزب بكەن و هەر زوو مەبەستی تایبەتی خۆیان دەردەكەوت و ئامانجیان حەوانەوەی تایبەتی خۆیانە.
بێخاڵ سابر پێنجوێنی ئاماژەی بەوە دا: "لەسەردەمی ئەم سەرۆكە كارەكانی حزب گەشتنە بەربەست، بێگەڕانەوە بۆ سەركردایەتی بڕیاری تاكلایەنە دەردەكات، وەك ئەوەی پێگەی سەركردایەتی لای جەنابیان كارتۆنییە، ئەمە سەرەڕای چەندین پێشێلكاری تر".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی ڕوونی کردەوە: "لە دەرچوونی ئەم بەیانەوە دوور و نزیك پەیوەندیم بەو پارتە سیاسیەوە نەماوە، چونكە بۆم ڕوون بوەتەوە ئەم حزبە بەر لەوەی لە دایك ببێت مردووە".