پایتەخت

کێشەی هورمز چارەسەر نابێت!

کێشەی هورمز چارەسەر نابێت!
کورتە

نەوت نا، هورمز! سەرچاوە نوێیەکەی داهاتی ئێران ئاشکرا بوو.

سوپای ئێران بە فەرمی دانی بەوەدا نا کە گەرووی هورمز وەک 'کارتێکی فشار' بۆ بەدیهێنانی مەرامە سیاسییەکانی بەکاردەهێنێت. ئه‌مه‌ش له‌ئێستادا گەرووەکە بەهۆی هەڕەشە و ململانێی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، تووشی پەککەوتنێکی نیمچە تەواوەتی بووە.


ئه‌مڕۆ عەمید محەممەد ئەکرەمی، گوتەبێژی سوپای ئێران ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە، پێگەی وڵاتەکەی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەهێزتر دەکات. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتی بەڕێوەبردنی گەرووەکە دەکرێت بگاتە دوو هێندەی داهاتی نەوتی ئێران.


تاران هەنگاوەکانی توندتر کردووەته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات، چیتر ڕێگە نادەن هیچ بارێکی چەکی ئەمریکی بەناو گەرووەکەدا تێپەڕێت. لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشتە دەریاییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-35)ی لە ئاسمانی ناوچەکەدا جێگیر کردووە.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، بەپێی دابەشکارییە سەربازییەکان بەشی ڕۆژئاوای گەرووەکە لەژێر دەسەڵاتی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و بەشی ڕۆژهەڵاتی لەژێر چاودێری هێزی دەریایی سوپای ئێراندایە.


ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە ئێران پێشنیازێکی نوێی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕەتکردەوە. لەکاتێکدا پاکستان وەک ناوبژیوان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە کە ڕێگە نادات گەرووەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و 'پڕۆژەی ئازادی' بۆ پاراستنی کەشتییەکان ڕاگه‌یاندووه‌، كه‌چی تاران سوورە لەسەر ئەوەی دۆخەکە نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێشوو و دەبێت کەشتییەکان باج و ڕسومات بە ئێران بدەن.

13 ئایار 2026 18:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026