پایتەخت

سبەی لاهور تاڵەبانی دادگایی دەکرێت

سبەی لاهور تاڵەبانی دادگایی دەکرێت
کورتە

ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی راگەیاند: سبەی لاهور تاڵەبانی دادگایی دەکرێت


 
 ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور تاڵەبانی و 11 تۆمەتباری دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


 
ئەمڕۆ چوارشەممە، دانا تەقیەدین پارێزەری لاهور تاڵەبانی رایگەیاند، لە دانیشتنەکەی سبەیدا تەواوی ئەو تۆمەتبارانەی لە دانیشتنی یەکەمدا ئامادەبوون دیسان دەهێندرێنەوە بەردەم دادوەر، بڕیاریشە پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوەی ئاسایش کە لەگەڵ تۆمەتباراندا ئەنجامدراون، بە فەرمی بخوێندرێنەوە و وردەکاریی زیاتر لەبارەی دۆسیەکە بخرێتە ڕوو.


 
رەحمان غەریب رێکخەری سەنتەری میترۆ، لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی دادگاییکردنەکە ئامادەبوو و نووسیویەتی: لاهور تاڵەبانی كاتێ تەماشای ئەو وێنانەی دەكرد كە دادوەر لەگەڵیدا رونكردنەوەی دەدا، پێڵووی چاوەكانی لە یەكتر نزیكدەكردەوە، بەوردی تەماشای وێنە و ڤیدیۆكانی دەكرد، بە ئاماژە بێ ئاگابوونی خۆی لەو دیمەنانە دەردەبڕی، چەند جارێكیش تەماشای رێبواری هاورێی دەكرد، هەردووكیان زەدەخەنەیان دەگۆڕییەوە.


 
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی، لاهور تاڵەبانی بە ڕووخسارێکی گەشەوە دەرکەوتووە و دەستی راستی سڵاوی بۆ ئامادەبووان بەرز كردەوە و هەستی بەشێك لە ئامادەبووان تێكەڵەیەك بوو لە دڵخۆشی و نائومێدی، هەمووان بە پێوە وەستان بۆ پێشوازی لە سڵاوە گەرمەكەی لاهور تاڵەبانی.


 
پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور تاڵەبانی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406.


 
ئەم دادگاییکردنە لەدوای هێرشە قورسەکەی شەوی 22ـی ئابی 2025 لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بۆ سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی کە تێیدا پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و لایەنگرانی لاهور تاڵەبانی ڕوویدا و بووە هۆی دەستگیرکردنی ناوبراو و دەیان کەسی دیکە.


 
لەمبارەیەوە بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور تاڵەبانی و چەندین پاسەوانی تر ئازادکروان، لە 20ی نیسانی 2026 موحسین خۆشناو پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران و لە 09ـی نیسانی 2026، 14 کەسی دیکە ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور تالەبانی یەکێکیان بوو، پێشتریش ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون کە حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

13 ئایار 2026 17:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026