پایتەخت

سعودییە تۆڵەی خۆی لە ئێران کردەوە و چەندین هێرشی ئەنجامدا

سعودییە تۆڵەی خۆی لە ئێران کردەوە و چەندین هێرشی ئەنجامدا
کورتە

ڕۆیتەرز دوایین زانیاری لەسەر ململانێی نهێنیی نێوان سعودییە و ئێران ئاشکرا دەکات


 
 
دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و دوو بەرپرسی ئێرانی دەڵێن، سعودییە لە کاتی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر ئێران، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرانە سەری.
 
 
دوو بەرپرسی رۆژئاوایی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، هێرشەکان لەلایەن هێزی ئاسمانیی سعودییە و لە کۆتایی مانگی ئاداردا کراون، یەکێک لەو بەرپرسانە گوتوویەتی، هێرشەکان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە ئێران بوون لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر خاکی سعودییە.
 
 
وەک رۆیتەرز دەڵێ، لەگەڵ ئەو ‌هێرشەدا سعودییە هەوڵی دا بۆ ئەوەی رێگە نەدات جەنگەکە گەورەتر بێت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوو لەگەڵ ئێران، لەوانەش لە رێگەی باڵیۆزی تارانەوە لە ریاز. 
 
 
بەرپرسێکی باڵای سعودییە لەو بارەوە بە رۆیتەرزی گوتووە: "جەخت لە پێگەی نەگۆڕی سعودییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دانبەخۆداگرتن بە ئاراستەی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە و خەڵکەکەی دەکەینەوە".
 
 
دوو بەرپرسی ئێرانی و دوو بەرپرسی رۆژئاوایی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سعودییە بەرپرسانی ئێرانی لە هێرشەکان ئاگادارکردەوە، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی چڕی دیپلۆماسی و هەڕەشەی سعودیە بۆ هێرشی زیاتر". بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، دۆخەکە بووە هۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێش راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە 7ی نیسان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. بەرپرسێکی ئێرانی لەو بارەوە دەڵێ، تاران و ریاز رازی بوون کە گرژییەکانی نێوانیان کەم بکەنەوە و گوتی، ئامانج لە هەنگاوەکە "وەستاندنی دووژمنکارییەکان، پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و رێگەگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان بوو". 
 
 
بەگوێرەی میدیای سعودییە، لە کاتی جەنگەکەدا 53 مووشەک و 1006 درۆن ئاراستەی سعودیە کران، وەزارەتی بەرگریی سعودییە ئاماژە بەوە دەکات لە رۆژانی 25 تاوەکو 31ی ئادار 105 درۆن و مووشەک ئاراستەی سعودیە کرابوون، بەڵام ژمارەکە لە 1 تاوەکو 6ی نیسان بۆ 25 دانە دابەزی. 
 
 
بەردەوامبوونی هێرشەکان وایکرد، رۆژی 19ی ئادار فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بڵێ، شانشینەکە مافی خۆیەتی "هەنگاوی سەربازی بنێت، ئەگەر پێویست بکات".

13 ئایار 2026 20:25
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026