باران و خۆڵبارین دەستپێدەکات
ئاگادار بن! گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە کەشوهەوادا ڕوودەدات
پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەی بەرچاو دەکەن، شارەزایانی کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی باران و خۆڵبارین لە کۆتایی هەفتەدا دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەی دووشەممە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما هەڵکشانی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن، بە جۆرێک بۆ سبەی دووشەممە پلەی گەرما لە هەولێر دەگاتە 30 پلە و لە گەرمیان بۆ 34 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا (12 و 13ی ئایار)، بەهۆی تێکەڵبوونی هەوای گەرمی باشوور و حەوزێکی ساردی ناوچەکانی سەرەوە، ئەگەری دروستبوونی هەورەبرووسکەی وشک و نمەبارانی کتوپڕ لە چەند ناوچەیەکدا هەیە، کە ئەمەش نیشانەی ناسەقامگیریی کەشەکەیە پێش هاتنی شەپۆلە سەرەکییەکە.
هاوکات قۆناغی دووەمی گۆڕانکارییەکان لە 16ی مانگەوە دەستپێدەکات، و بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەکە کە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و دروستبوونی تاوەبارانی مامناوەند، هەروەها دروستبوونی باوبۆران و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵە لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە، کە بەهۆی بەریەککەوتنی هەوای سارد و زەوییە گەرمەکان دروست دەبێت.