مووچەی مانگی چوار دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ گوژمەیەکی دیکەی پارەی مووچەی مانگی چوار دەگاتە هەرێم و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی چوار گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، بە ناردنی پارەی تەواوەتی ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
کەمێک لەمەوبەر د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە ناردنی پارەی مووچەخۆران بەم شێوەیە تەنیا بیانووگرتنی بەغدایە، دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان بێزار بکەن، ئەگینا دەتوانێت پارەیەکی زۆر قەرز بکات بەسەر یەکەوە پارەکە بنێرێت.
د.فازڵ نەبی ئاماژەی بەوە دا، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ بەشێكی دیکەی تەمویلی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی دەکرێت.
دوێنێ دووشەممە، بڕی 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار وەک گوژمەی یەکەم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە هەولێر.
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ پایتەخت ئاشکرای دەکات، لەگەڵ گەیشتنی پارەی تەواوەتی ڕاستەوخۆ، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادە کردنی لیستی مووچەی مانگی چوارە، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لیستی مووچە ڕادەگەیەندرێت.