ئەحمەد تورک: ئامەد سپۆر یانەیەکی کوردستانییە
ئەحمەد تورک سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین: ئامەد سپۆر یانەیەکی کوردستانییە
ئەحمەد تورک سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، لە وەڵامێکی تونددا بۆ لێدوانەکانی سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن (بەبەپە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوردستان دەستەواژەیەکی جوگرافی و مێژووییە و نکۆڵی لێناکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە دوای ئەوەی مستەفا دەستیجی، سەرۆکی پارتی یەکێتی مەزن هێرشی کردە سەر ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستان، لەمبارەیەوە ئەحمەد تورک رایگەیاند: کوردستان تەنیا ناوێک نیە، بەڵکو ناوچەیەکی جوگرافییە و لە مێژوودا پێگەی جێگیری هەبووە، لە سەردەمی سەلجوقییەکانەوە تاوەکو دەوڵەتی عوسمانی، هیچ لایەن و دەسەڵاتێک نکۆڵی لە بوونی ئەم خاکە نەکردووە.
ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوەش کرد کە تێگەیشتنی ئەوان بۆ کوردستان تەنیا بۆ نەتەوەی کورد نییە، بەڵکو وەک خاکێک دەبینرێت کە جێگەی هەموو پێکهاتەکانی وەک سریانی، عەرەب، ئەرمەن و نەتەوەکانی دیکەی تێدا دەبێتەوە و هەموویان بە هاووڵاتیی ئەو خاکە دادەنرێن.
ناوبراو سەبارەت بە سەرکەوتنی یانەی ئامەد سپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و گووتی: " ئامەد سپۆر لە سوپەرلیگی تورکیادایە، باڵآم ناسنامەیەکی کلتووری تایبەتی هەیە و ناتوانرێت ڕۆحی کوردستانی لەناو هاندەران و دروشم و گۆرانییەکانیاندا پشتگوێ بخرێت، چونکە ئەوە ڕەنگدانەوەی زمان و کولتووری گەلێکە لە وەرزشدا."
ئەحمەد تورک لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری دا کە قبووڵنەکردنی ئەم ڕاستییە کولتووری و مێژووییانە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەدیهاتنی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.
لە 2ـی ئایاری 2026 یانەی ئامەد سپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا لەگەڵ یانەی ئیدر بە ئەنجامی 3-3 یەکسان بوو، بەو ئەنجامە یانەکەی باکووری کوردستان کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا یانەکە سەرکەوت بۆ سوپەرلیگی تورکیا.