بهغدا؛ کوشتنی کچێکی 15 ساڵان و شێواندنی تەرمەکەی
کۆمەڵگەی عێراقی لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی؛ منداڵێک بە دەستی کەسوکاری کوژرا و تەرمەکەی شێوێنرا
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی منداڵێک بە شێوەیەکی دڕندانە، شەپۆلێکی توندی توڕەیی و بێزاری سۆشیاڵ میدیای عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە.
میدیاکانی عێراق و سەکۆی 'مافی ئافرەتی عێراقی' و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردەوە، لە بەغدا کچێکی 15 ساڵان بەناوی "کەوسەر بەشار"، بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی، لەلایەن کەسووکاریەوە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، منداڵەکە ڕفێندراوە بۆ ناوچەیەکی چۆڵ و دوورەدەست؛ لەوێ بە ئامادەبوونی چەند کەسێک کە وەک 'شایەتحاڵی شەرەف' برابوون، لەلایەن مامی (ماجد)، ئامۆزای (عەباس زیارە) و برای (تەیسیر بەشار)ەوە بە شێوەیەکی قێزەون کوژراوە.
ئەوەی ئەم کەیسەی کردووەتە باسی گەرمی میدیاکان، تەنها کوشتنی منداڵەکە نییە؛ بەڵکو وەک لە ڤیدیۆ و وێنەکاندا دەردەکەوێت، بکوژان دوای کۆتاییهێنان بە ژیانی، دەستیان کردووە بە شێواندنی تەرمەکەی. هەروەها ئاهەنگی عەشایەری بە ئامادەبوونی بکوژان و کەسووکاری منداڵەکە ئەنجام دراوە.
ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیان کردووە؛ لە ساڵی 2024دا 14 هەزار حاڵەت تۆمار کراوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2025دا بۆ زیاتر لە 36 هەزار حاڵەت بەرز بووەتەوە. چاودێران هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانە بۆ هەمواری نوێی 'یاسای باری کەسی' و پرسی نزمکردنەوەی تەمەنی هاوسەرگیری دەگەڕێننەوە.
تا ئێستا دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتباران بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە جێی ڕەخنەی توندی چالاکوانانی مەدەنی کە داوای جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافی منداڵان و ئافرەتان دەکەن.