پایتەخت

بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 80 گەنجی سلێمانی دەرکراوە

بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 80  گەنجی سلێمانی دەرکراوە
کورتە

 سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی دوو مانگ دا هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی گەنجانی بەخۆوە بینیوە

 

لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین لەماوەی دوو مانگی رابردوو دا، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی گەنجانی بەخۆوە بینیوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 80 گەنج دەرچووە و تا ئێستا 34 کەسیان دەستگیر کراون کە بەشێکیان ڕەوانەی زیندانی کانی گۆمە کراون.

 

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی ئەو 80 کەسەی فەرمانیان بۆ دەرچووە، 46 گەنج پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و خۆیان شاردووەتەوە، لە نێو دەستگیرکراوەکاندا سێ ئەفسەری ئاسایش لە قەڵادزێ هەبوون کە دوای دوو هەفتە لە لێکۆڵینەوە لە ژووری تاکەکەسی ئازاد کران، هەروەها 16 کەس لە سلێمانی و 8 کەسی تر لە چەمچەماڵ و گەرمیان دەستگیر کرابوون کە دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون.

 

لە ئێستادا لە کۆی 34 دەستگیرکراوەکە، تەنها 7 گەنجی سنووری ڕانیە لە زینداندا ماونەتەوە، ئەم گەنجانە سێ هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزێکی هاوبەشی ئەمنییەوە دەستگیر کراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی "کانی گۆمە" لە سلێمانی، و بەپێی زانیارییەکان هەموویان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون.

 

لە هەندێک ناوچە وەک چەمچەماڵ و گەرمیان، باس لەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان پەنایان بۆ دەستگیرکردنی کەسوکاری ئەو گەنجانە بردووە کە لە ماڵ نەبوون، وەک فشارێک بۆ ئەوەی گەنجەکان خۆیان ڕادەست بکەن. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ڕانیە ڕایگەیاند کە هیچ گەنجێک لای ئەوان دەستگیر نەکراوە و هیچ سکاڵایەکی فەرمیش لەلایەن کەسوکاری بێسەروشوێنانەوە تۆمار نەکراوە.

 

سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەڵمەتە فراوانە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەنجەکان بە تۆمەتی سیاسی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا بە وردی جۆری تۆمەتەکان و وردەکارییە یاساییەکانی پشت کەیسەکە ڕانەگەیەندراون.

12 ئایار 2026 21:02
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026