ئەمشەو به چهتر بڕۆنه دهرهوه باران و تەرزەی بەهێزتر دەبارێت
دۆخی کەشوهەوا؛ ئەوەی پێویستە بیزانیت بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو
هۆشداریی لە شەپۆلێکی تووندی باران و تەرزە دەدرێت
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی دەکرێت لە میانی 48 کاتژمێری داهاتوودا ناسەقامگیریی کەشوهەوا بەردەوام بێت. لە ئێستادا ئاسمانی هەولێر و دهۆک بارانی بەلێزمە و تەرزە و هەورە تریشقەی تێدا دەبارێت، لە کاتێکدا لە سلێمانی نمەبارانێکی کەم هەیە و لە چەمچەماڵیش ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودایە.
لەم بارەیەوە، هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی هۆشداری دەدات کە بارستە هەورێکی چڕی باراناوی داخڵی سنووری کەرکووک بووە و پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تەواوی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە بگرێتەوە و ببێتە هۆی تاوە بارانی بەلێزمە و تەرزە.
هاوکات، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتەکانی ئێوارە و شەوی دووشەممەدا، کاریگەریی ئەم حاڵەتە ناجێگیرە بەهێزتر دەبێت، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، هەولێر و ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و سۆران. مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێک شوێن هەیە و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی ڕۆژی سێشەممە، کەشناسی هەرێم و شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە کاتەکانی بەیانییەوە کاریگەریی شەپۆلەکە لاواز دەبێت و کەشوهەوا بەرەو جێگیربوون دەچێت، تەنها لە نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئەگەری هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورتخایەن لە هەندێک ناوچە دەمێنێتەوە و پاشان کۆتایی پێدێت.