ڕاگەیاندراوێکی تووند لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان: رێگە نادەین کوردستان ببێتە دوو ئیدارە
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی تووندی بڵاوکردەوە و باسی چەکە دزراوەکانی ئەمریکا و دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستان دەکات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بە بێ ناو هێنان، بە تووندی وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دەداتەوە کە باسی لە دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستان و چەکە دزراوەکانی ئەمریکای کردووە.
پێشەوا هەورامانی لە باسی دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستاندا نوسیوویەتی: "لای هەمووان ڕوونە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دەستووری دانپێدانراوی فیدراڵییە و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو ئیدارەیی کردنی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت."
لە بارەی چەواشەکارییەکانی سەر دزینی چەکەکانی ئەمریکا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات: "پێویست بە چەواشەکاری ناکات، ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان بە لایەنێک دابێت، خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو، ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە و پێویست بەو هەموو چەواشەکارییە نییە."
لەبارەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لە پرۆگرامەکەی رۆژنامەنووسی دیاریی بەریتانی پیێر مۆڕگان، پێشەوا هەورامانی نوسیوویەتی: "سەرۆکی ئەو حزبە مافی ئەوەی نییە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم قسە بکات، لە کاتێکدا قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەروان بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و دارو دەستەکەی لا ببات."
ئەم ڕاگەیاندراوەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، سێ رۆژ بەر لە ئێستا بافڵ تاڵەبانی لە بەرنامەی ئەنسێنسۆرد (بێ سانسۆر)ی رۆژنامەنووسی دیاریی بەریتانی پیێرس مۆرگان، بەشداری کرد و کۆمەڵێک گومانی لەسەر قسەکانی خۆی جێهێشت و زانیاری ناڕاستی بە ناوی دامەزراوە فەرمییەکان بڵاوکردەوە.