عەلی حەمە ساڵح گەندەڵییەکی دیکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات
عەلی حەمە ساڵح گەندەڵییەکی دیکە ئاشکرا دەکات و ڕەخنەی تووند لە بافڵ تاڵەبانی دەگرێت
دووبارە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست دەرکەوتەوە و گەندەڵییەکی دیکەی سلێمانی ئاشکرا دەکات و رەخنەی تووند لە قوباد تاڵەبانی دەگرێت.
عەلی حەمە ساڵح، نووسینێکی لە ژێر ناونیشانی "کاک قوباد چی دەکەن" بڵاوکردەوە و گەندەڵییەکی دیکەی سنووری سلێمانی ئاشکرا دەکات، کە تەنها بۆ 10 کیلۆمەتر لە رێگەی توونێلی دەربەندیخان - زەڕایەن، بڕی 168 ملیار و 103 ملیۆن دینار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دراوە بە کۆمپانیایەک کە نزیکە لە یەکێتییەوە.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست رەخنەی تووند لە قوباد تاڵەبانی دەگرێت و نوسیوویەتی: "لە کاتێکدا بۆ 42 کیلۆمەتر لە رێگەی دەربەندیخان - کەلار، بڕی 132 ملیار دینار دراوە بە کۆمپانیایەک کە پردی زیاترە، چۆن دەکرێت ئەم پارە زۆرە بۆ 10 کیلۆمەتر بە کۆمپانیایەک بدرێت."
عەلی حەمە ساڵح گەندەڵییەکە ڕوونتر دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی تەنها بۆ یەک کیلۆمەتر لە دیوێکی توونێلەکە، بڕی 3 ملیار دینار و بۆ لایەکەی دیکەی، بری 16 ملیار دینار خەرجکراوە.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا عەلی حەمە ساڵح زۆر بە تووندی رەخنە دەگرێت و نوسیوویەتی: "خەمەکە هەر گەندەڵی لە پارە نییە، بەڵکو لە ماوەی تەواوکردنی دایە، چونکە ئەگەر رێگەیەک بە 10 ساڵ تەواو بێت، ئەوان بە 20 ساڵیش تەواوی ناکەن و سەدان کەس لە خزمە و کەسوکارمان لەم رێگەیە گیان لەدەست دەدەن."