پایتەخت

ئەمریکا ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕادەگرێت

ئەمریکا ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕادەگرێت
کورتە

ئەمریکا لەئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکان، هەڵوێستی نوێ بەرامبەر عێراق دەنوێنێت.

لە دوای بڵاوکردنەوەی هۆشداری لە بەردەوامی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هاووڵاتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمریکا وەکو یەکەم کاردانەوەی تووند ناردنی دۆلار بۆ عێراق ڕادەگرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە کەناڵی ئەلحەدەسی سعودی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ئەمریکا بڕیاری داوە ناردنی دۆلار بۆ عێراق رابگرێت، ئەمەش وەکو یەکەم کاردانەوەی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی عێراق.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەم کەناڵە، جگە لە وەستاندنی ناردنی دۆلار بۆ وڵاتەکە، ئەمریکا سەرجەم هاوکاریی و هەماهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ عێراق ڕادەگرێت، تا ئەو کاتەی ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا دەکرێن.

بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەمریکا تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام دەبێت و ئەگەر بێتوو، حکومەتی داهاتووی عێراق لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کار بکات یان بە دڵی ئەمریکا نەبێت، سزاکان بەردەوام دەبن.

ئەم هەڵوێستەی نوێیەی ئەمریکا لەکاتێک دایە کەمێک لەمەوبەر، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئاگادارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداریی دا لە بەردەوامیی هەڕەشەی میلیشیا چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق و هەرێمی کوردستان و داوا لە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی دەکات، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن و بەهیچ شێوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسووڵخانەی گشتی وڵاتەکە لە هەولێر نزیک نەبنەوە.

 

20 نیسان 2026 15:18
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026