نیشانە مەترسیدارەکانی دەستدرێژی سێکسی لە منداڵاندا ئاشكرا بوو
چۆن بزانین منداڵهكهمان دهستدرێژی سێكسی كراوهته سهر؟ زانیاری لێرهیه.
پسپۆڕێكی دەروونزانی کۆمەڵایەتی، لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی هەستیار و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی منداڵان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، گەورەترین ئەرکە کە لەسەر شانی خێزانەکان نراوە. ئاماژە بەوە دەدات کە زۆرجار منداڵان بە نهێنی ڕووبەڕووی ئەزموونی تاڵ و دەستدرێژی دەبنەوە و نیشانەکانیش بە ئاسانی هەستی پێ ناکرێت
لەنجە محەممەد عوسمان، ماستەر لە کۆمەڵناسی پسپۆڕ(کۆمەڵناسی سیاسی و دەروونزانی کۆمەڵایەتی) له فهیسبووك نووسیویهتی، منداڵ دەکرێت تووشی زەبرێکی دەروونی قورس بێت، بەڵام گۆڕانکارییەکانی وەک ترسی بێ هۆکار، خەمباری، کابوس و دوورکەوتنەوە لە خێزان، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەن کە دەبێت دایکان و باوکان بە جدی وەری بگرن. جەخت دەکاتەوە کە نابێت هیچ نیشانەیەک پشتگوێ بخرێت، بە تایبەت ئەگەر منداڵەکە هەڵسوکەوتی نەگونجاو بۆ تەمەنی خۆی ئەنجام بدات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو ڕێنمایی خێزانەکان دەکات و دەڵێت: پێویستە بە ئارامی و بێ ترساندن لەگەڵ منداڵەکانتان بدوێن. کاتێک منداڵێک قسە دەکات، بێ ئەوەی قسەی پێ ببڕن یان تاوانباری بکەن، گوێی لێ بگرن؛ دروستکردنی ژینگەیەکی پڕ لە متمانە و ئاسایش، ڕێگەی سەرەکییە بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێت هەستەکانی دەرببڕێت.
لەنجە محەممەد عوسمان چەند خاڵێکی سەرەکی وەک نیشانەی گوماناوی دیاری دەکات، لەوانە: کێشە لە متمانە و ترس لە کەسێکی دیاریکراو، گەڕانەوە بۆ ڕەفتاری منداڵانەی کۆن، هەروەها نیشانە جەستەییەکانی وەک ئازار و سووربوونەوە لە ناوچە تایبەتەکان. ئەو هۆشداری دەدات کە دەربڕینی زانیاری سێکسی یان دووبارەکردنەوەی هەندێک ڕووداو لە کاتی یاری کردندا، نیشانەی تێپەڕاندنی سنوورەکانن بەرامبەر بە منداڵ.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوا دەکات لە کاتی هەبوونی هەر گومانێکدا، خێزانەکان پەنا بۆ پسپۆڕانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرن و ئهوه دهخاتهڕوو، زوو دەستپێکردنی یارمەتییەکان کاریگەریی گەورەی دەبێت لە پاراستنی ژیانی منداڵ و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئارام بۆ هەمووان.