پایتەخت

بەرەی گەل بۆ پایتەخت: بژاردەکانی خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی لەسەر مێزن

بەرەی گەل بۆ پایتەخت: بژاردەکانی خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتی لەسەر مێزن
کورتە

بەرەی گەل لە هەولێر کۆبووەوە؛ بژاردەکانی خۆپێشاندان و مانگرتن لەسەر مێزن

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، بەرەی گەل بە سەرپەرشتی سەرکردە دیارەکانی، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو حزبە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێ ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە زیندان.

 

بڕیارە چاوەڕوانکراوەکانی بەرەی گەل بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پایتەخت میدیا کەوتوون، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کە لە ماڵی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەچوو، چەند پێشنیازێکی توند و جدی تاوتوێ کراون بۆ وەڵامدانەوەی بارودۆخی ئێستای سەرکردەکانیان.

 

گرینگترین خاڵەکان ئەمانەن:

 

خۆپێشاندانی جەماوەری: ئەنجامدانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری لە شاری هەولێر.

 

مانگرتنی گشتی: ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی بەرەی گەل وەک پشتگیرییەک بۆ لاهور شێخ جەنگی.

 

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی: ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەرفراوان بۆ خستنەڕووی بەڵگەکان و تۆمەتبارکردنی "کوڕانی تاڵەبانی" بە دەستوەردان لە کاروباری دادگە و بەکارهێنانی دامەزراوە یاساییەکان بۆ ململانێی سیاسی.

 

بەرەی گەل هۆشداری دەدات کە بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەو فشارانەی دەخرێنە سەر سەرکردەکانیان و بژاردەی شەقام یەکێکە لە ئەگەرە بەهێزەکان.


سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ وەک ئامادەکارییەک بووە بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێگای داهاتوو، بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرکردایەتی بەرەی گەل جارێکی دیکە کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی و کاتی دەستپێکردنی چالاکییە مەیدانییەکانیان ڕابگەیێنن.

 

ئەم جموجۆڵانەی بەرەی گەل دوای ئەوە دێت کە دوێنێ لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لەناو زیندانەوە مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی و میدیایی هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە.

20 نیسان 2026 20:36
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026