بڕیاری نوێ لەبارەی ڕادەستکردنی گەنم دهرچوو
پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری ستراتیژی بۆ پاڵپشتی جوتیاران دەردەکات.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراقدا، لێژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پاکێجێکی نوێی بڕیارەکانی بۆ بەرژەوەندیی جوتیاران ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان هات بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەن و ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی کشتوکاڵ.
ئهمڕۆ نووسراوێکی فەرمی پەرلەمانی عێراق بڵاوكرایهوه و له نووسراوهكه، جەخت لەسەر پابەندکردنی حکومەت كراوهتهوه بە خەرجکردنی دەستبەجێی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2024. ئەم بڕیارە وەک وەڵامدانەوەیەک دێت بۆ ئەو قەیرانە داراییە خنکێنەرەی کە ڕووبەڕووی ئەم توێژە بووەتەوە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکان و دواکەوتنی پارەی گەنم.
لە بڕیارە نوێیەکەدا، جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری کراوەتەوە، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە کەمکردنەوەی نرخی کڕینەوەی گەنم؛ بڕیاردراوە کە هەمان نرخی ساڵی ڕابردوو جێگیر بکرێت بۆ پاراستنی مافی جوتیاران. هەروەها، سیستەمی "حیجزی پێشوەختە" هەڵوەشێنرایەوە و شێوازی خەمڵاندنی بڕی گەنم بۆ لیژنە مەیدانییەکان جێهێڵدرا تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بڕی بەرهەم دیاری بکەن.
وەک هەنگاوێکی پارێزگاری، بڕیاردراوە هەموو داواکارییە یاسایی و داراییەکان بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی سەر جوتیاران ڕابگیرێت تا ئەو کاتەی بودجەی گشتی پەسەند دەکرێت و شایستە داراییەکانیان بە تەواوی بۆ خەرج دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر داڕمانێکی ئابووری کە ڕووبەڕووی خێزانی جوتیاران ببێتەوە.