چۆن كچه پێشمهرگهیهك گیانی لهدهستدا؟ لهنێوان درۆنی ئێران و نهخۆشخانهكانی سلێمانی
نهخۆشخانهكانی سلێمانی، ئامادهنهبوون برینهكانی كچه پێشمهرگهیهك تیمار بكهن
دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کەمپی سوورداش، (غەزەڵ مەولان) یەکێک لە بریندارەکان، بەهۆی سەختیی برینەکەی و 'ڕەتکردنەوەی لەلایەن چەند نەخۆشخانەیەکی حکومی و تایبەت لە سلێمانی'گیانی لەدەستدا.
بهپێی گێرانهوهی یهكێك له هاوڕێكانی، بریندارەکە سەرەتا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شۆڕش، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویست و قەرەوێڵەی چاودێری ورد (ICU)، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکە کراوە.
هاوڕێكهی دهڵێت: نەخۆشخانەکانی (ئاسیا، بەخشین و مێرسی) ئامادەی وەرگرتنی نەبوون. بهشێك لەو نەخۆشخانانە کاتێک زانیویانە 'کەیسەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هێرشی درۆنییەوە هەیە'، لە وەرگرتنی پەشیمان بوونەتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، دوای زیاتر لە كاتژمێرێك مانەوە لەناو ئامبوڵانس و گەڕان بەدوای شوێن، سەرەنجام نەخۆشخانەی فارووق قبووڵی کردووە، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر، بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەی و دواکەوتنی چارەسەرە پزیشكییهكان پێش گەیشتنی بە ژووری نەشتەرگەری گیانی لەدەستداوە.
غهزهڵ مهولان، تهنیا ماوهی دوو مانگ بوو هاوسهرگیری كردبوو، له كهمپی سوورداشی سنووری پارێزگای سلێمانی وهك پێشمهرگه له ڕیزهكانی كۆمهڵهی زهحمهتكێشانی كوردستان كاری دهكرد.
دهقی بڵاوكراوهی یهكێك له هاوڕێكانی غهزهڵ مهولان:
دوێنێ شەو، دوای هێرشی درۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی سوورداش، چەند بریندار هەبوون کە یەکێک لەوان بە ناوی غەزەڵ مەولان، برینەکەی زۆر قورس بوو. بۆیە بە پەلە گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش، کە لەوێ خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستییەکانی بۆ دابین کرا.
بەڵام کاتێک پێویستی بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان وەک (MRI، تیشک، و ICU) بوو، نەخۆشخانەکە نەتوانی ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات. لە سەرەتا قەولیان دا، بەڵام دواتر بە بیانووی نەبوونی قەرەوێڵە و کەمبوونی دەزگاکان، داواکارییەکەمان ڕەت کرایەوە. و وەریان نەگرت.
پاشان، پێشنیاری گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی کرا. پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی ئاسیا کرد، بەڵام ئەوانیش ڕەتیان کرد. دواتر چووین بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، کە لە سەرەتا قبووڵیان کرد، بەڵام کاتێک زانیان کە کەیسەکە پەیوەندی بە هێرشێکی درۆنی و بابەتی سیاسییە هەیە، وەرمانیان نەگرت و ڕووداوەکە گەیشتە قۆناغی دەمەقاڵە و دەنگ بەرزکردنەوە.
لەو کاتەدا، دکتۆرێک لە نەخۆشخانەی شۆڕش کە لەگەڵمان بوو، نەبزی برێندارەکەی پشکنین کرد و ڕایگەیاند کە زەرەبانی قەلبی زۆر دابەزیوە. سەرەڕای ئەوەش، برێندارەکەیان وەریان نەگرتین و زیاتر لە نیو کاتژمێر لەوێ مەحتەل بووین.
دواتر، لە ناو ئامبۆڵانسەکەدا زیاتر لە ١٠ خولەک مەحتەل بووین بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی دیکە. هەوڵمان دا پەیوەندی بە نەخۆشخانەی مێرسی بکەین، بەڵام وەڵامیان نەدا. پاشان پەیوەندیمان بە نەخۆشخانەی فارۆق کرد، کە دوای کەمێک دواخستن بۆ هاوئاهەنگی ناوخۆیان، قبووڵیان کرد.
کاتێک گەیشتین، بە پەلە برێندارەکەمان بردە ژوورەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دکتۆر ڕایگەیاند کە دڵی لە لێدان کەوتووە. لەو کاتەدا، برێندارەکە بە ئامێری هەناسەدان (کەپسوولی تەنەفوسی) لە ژیاندا بوو، کە ئەمە نیشانەی دۆخێکی زۆر خراپ و ئۆرژانسی بوو.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، لە ماوەی گواستنەوە لە نەخۆشخانەی بەخشین بۆ فارۆق، زەرەبانی قەلبی بە شێوەیەکی زۆر دابەزیوە، کە ئەمە بووە هۆی ئەوەی سەرەڕای هەوڵی زیاتر لە یەک کاتژمێر بۆ ڕزگارکردنی، بە داخەوە گیانی لەدەست بیدات.